پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شه‌موو حه‌وتى ئهیلوول، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پێشنیاری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ ڕۆژی بەستنی كۆنگرە پەسەند كرد.
لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، "ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە كۆی دەنگ، لە كەشێكی هەڤاڵانەدا بڕیاریدا، كۆنگرەی خۆی لە حه‌وتی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ ببەستێت".
زیاتر گوتى، "لیژنەی باڵای راسپارد كە لەگەڵ لیژنە فەرعییەكاندا بەردەوام بێت و ئامادەكارییەكانی بۆ بەستنی كۆنگرە ئەنجام بدات".
لە بەشێكی تردا گوتەبێژی یەكێتی گوتی، "لە كۆبونەوەكەدا، باسی بارودۆخی عێراق و كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان و بارودۆخی هەرێمی كوردستان دوای قۆناغی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم بە سەركەوتوویی، بڕگەی زۆری مشتومڕی هەڤاڵانی یەكێتی بوو".
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه ئێسته گرژى و ململانێیه‌كى زۆر له‌نێوان سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌ر كۆنگره هه‌یه و پێشتر باڵى بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى ڕایان گه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر ڕۆژى كۆنگره دیار نه‌كرێ ئه‌وه ئه‌وان به‌شدارى له هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تر‌ى ئه‌و حزبه ناكه‌ن.