پار زیاتر لە 421 هەزار تۆن میوە هاوردە كراوە

:: AM:09:59:08/09/2019 ‌
سەرباری هەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی، كەچی هێشتا كوردستان ٨٦%ی میوەی بازاڕەكانی هاوردەن و میوەی ساڵی ٢٠٠٩ لە 2018 زیاترە، لە كاتێكدا خاكی باش و هەوای لەباری بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەیە، ساڵانە بایی زیاتر لە ٦٣ ملیار دینار بۆ میوە دەنێرێتە دەرەوە.

بازاڕەكان و عەلوەكانی كوردستان پڕن لە میوە، بەڵام زۆربەیان بەرهەمی خاكەكەی نین و لە وڵاتانەوە هاوردە كراون. عەلوەی گەورەی هەولێر كە دەكەوێتە سەر ڕێی گوێڕ، لە زۆربەی كاتەكاندا بە دەگمەن بەروبوومی میوەی خۆماڵی تێدا دەبینیتەوە و زۆریان هی دەرەوەی كوردستانن.

لەو بازاڕە بەرهەمی توركیی زۆرینەیە و بە یەكجار دەستی بەسەر بازاڕەكەدا گرتووە و لە پاڵ ئەویش میوەی ئێرانی دێت، دوای ئەوانیش هی وڵاتانی تر، بەگوتەی فرۆشیارانی ئەو بازاڕە، میوەی خۆماڵی زۆر كەمە.

عەلوەی پارێزگاكانی تریش هاوشێوەن و لە بوونی میوەی خۆماڵی لەوەی هەولێر باشتر نین، ئەوە لە كاتێكدایە كوردستان خاكی باش و هەوای لەباری بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەیە، كەچی تا ئێستە نەیتوانیوە سوودی لێ وەربگرێت و تەنانەت نیوەی خواستی بەرهەمی میوەی ناوخۆی تێدا دابین بكات.

داتاكان دەریدەخەن بەرهەمی میوەی ناوخۆی كوردستان، لەبری هەڵكشان، لە داكشاندایە و بەرهەمی ١٠ ساڵ لەمەوبەری لە هی ساڵی رابردوو زیاترە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە بەرهەمی میوەدا كوردستان تەنیا ١٤%ی پێداویستی ناوخۆی دابین دەكات و ٨٦%ی هاوردەیە. ئامارەكەی وەزارەت ئەوەش دەردەخات، لە ساڵی ٢٠١٨دا كوردستان لە بەرهەمەكانی میوە بە گشتی ٦٩ هەزار و ١٦٥ تۆن بەرهەمی هەبووە، لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان ٤٩٠ هەزار و ٥٤٥ تۆن میوە جۆراوجۆرەكانیان خواردووە. 

واتە لەوساڵەدا ٤٢١ هەزار و ٣٧٩ تۆن بەرهەمی میوە بۆ كوردستان هاوردە كراوە، كە پڕتەقاڵ بە ٦٠ هەزار و ٨٢٧ تۆن سەرتۆپیانە. لە كاتێكدا بڕی پڕتەقاڵی ناوخۆی تەنیا ١٥٥ تۆنە، كەمترین هاوردەیش هەنجیرە بە ٦٢٨ تۆن.

هەڵبەت بڕی بەرهەمی میوەی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٠٩دا، زیاتر بووە و هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كۆی بەرهەمی میوەی ناوخۆی كوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ٧٥ هەزار و ٨٠٤ تۆن بووە. لەو ساڵەدا ٢٢٥ هەزار و ٦٩٨ تۆن میوەی هاوردە كردووە كە بڕی بەكاربراو لەو ساڵە ٣٠٣ هەزار و ٤٧٦ تۆن میوە بووە. 

سەرباری ئەوەی بڕی بەكاربراو لە ساڵی ٢٠٠٩دا كەمترە لە ٢٠١٨، كەچی ئامارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەریدەخات بەرهەمی ناوخۆی پار ٩%ی 10 ساڵ لەمەوبەر كەمترە، سێو و ترێی سوور و ڕەش و قۆخ و قەیسی، ئەو میوانەن كە بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنیانیان كەم بوونە.

هۆی كەمی و داكشانی بەرهەمی میوەی ناوخۆ جووتیارانن، ئاخر كاتێك بەرهەمەكەیان خێریان بۆ نەداتەوە، بەردەوام نابن.

ڕەجەب حاجی سەرۆكی ئەنجوومەنی عەلوەی بۆ "وشە" ڕای دەگەیەنێ، دۆخی جووتیاران بەگشتی باش نییە و زۆرجار نیوەی خەرجییان دەست ناكەوێتەوە. 

ئەو دەڵێ "كێشەی هەرە گەورەیان بە بازاڕكردنی بەرهەمەكەیانە، ئەگەر ئەو گرفتە چارەسەر بكەن، بەرهەمی ناوخۆی كوردستان هێندە زۆر دەبێت كە بەشی هەموو عێراق بكات".

جاران و لە ساڵانی فەرحانی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەمتر 2%ـی بودجەكەی بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان كردبوو، بەو بودجە كەمەوە بە پێدانی قڕكەر، پەینی كیمیایی، بنەتۆ و ئاودێری و خانووی پلاستیكی و گێڕانەوەی 60% ـی كرێی گواستنەوەی بەرهەم، پاڵپشتی جووتیاران دەكرا، بەڵام تەنگژەی دارایی ئەو پاڵپشتییانەی ڕاماڵی و لە دوای ئەوەوە وەزارەتی كشتوكاڵ تەنیا ڕێنوێنیی پێشكەش بە جووتیاران دەكات.

ئێستە بازاڕەكانی میوەی كوردستان شوێنێكی باشی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی وڵاتانە، هاوردەی بەرهەمەكان لە بەرانبەر بردنە دەرەوەی پارەیە لە كوردستان و ئەگەر بۆ هەر كیلۆیەكی بەرهەمی هاوردە بەلایەنی كەمەوە تەنیا بە ١٥٠ دینار هەژمار بكرێت، كە نرخی زۆربەی هەرەزۆریان سەرووی ٢٠٠ دینارە، تەنیا ساڵی 2018 زیاتر لە ٦٣ ملیار و ٢٠٦ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار دینار، پارەی كوردستان بۆ میوە ڕۆیشتووەتە دەرەوە.

وشە/ بەدواداچوونی چواس خالید
*
ساڵی 2018 زیاتر لە ٦٣ ملیار و ٢٠٦ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار دینار، پارەی كوردستان بۆ میوە ڕۆیشتووەتە دەرەوە.



وشە - تایبه‌ت