"گەشتیارانی هەرێم ساڵانە زیاتر لە 350 ملیۆن دۆلار دەبەنە دەرەوە"

:: PM:11:06:08/09/2019 ‌

گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژە دەكات كە ساڵانە چەند گەشتیار بێتە ناو هەرێم، لەبەرانبەردا سێ هێندە و زیاتر گەشتیاری هەرێم سەردانی وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا دەكەن، بۆیە ئەو پارەی گەشتیارانی هەرێم دەیبەنە دەرەوە لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلارە.

ئەمڕۆ یەكشەم مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە تا ئەندازەیەك پڕۆژەی گەشتوگوزاری هەیە كە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و چەندین هۆتێل و مێوانخانە و پڕۆژەی گەشتیاری هەن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەندازەی پڕۆژە گەشتیارییەكان وەك پێویست نین، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەكان لە هەندێ شوێن لاوازە و لە هەندێ شوێن وەك پێویست نییە، خەڵكێكی تر زۆر ڕوودەكەنە وڵاتانی دەرەوە و دراوسێ بە تایبەتی.

 زیاتر گوتی، دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لە شارەكان لە بۆنەكاندا تەنیا ئاماری هاتنی گەشتیار بۆ ناوخۆی هەرێم بڵاو دەكەنەوە، باس لە ئاماری ڕۆیشتنی گەشتیاری ناوخۆ بۆ دەرەوە ناكەن، لە كاتێكدا بەپێی ئامارەكان چەند گەشتیار بێتە ناو هەرێم، لەبەرانبەردا سێ هێندە و زیاتر گەشتیاری هەرێم سەردانی وڵاتانی دراوسێ وەك توركیا و ئێران و قوبڕس و ئەرمەنستان و ئازەربایجان و وڵاتانی تری عەرەبی و ئەوروپی دەكەن.

مەحموود روونی كردەوە، لە هەرێمی كوردستان نەتوانراوە پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام بدرێن، كابینەی نوێ زۆر گرنگە كار لەسەر پڕۆژە گەشتیارییەكان بكات، ئێستە هەرێم فەرهەنگی گەشتیاری لاوازە و شوێنی مانەوەی زۆر كەمە و ئەوەی هەیە لە سەنتەری شارەكان هۆتێلەكانن، ئەوەش بەپێی پێویستی نییە، گەشتیارێك كە ڕووبكاتە هەر وڵاتێك یەكەم شت پێی مەبەستە و بەدوایدا دەگەڕێت شوێنی مانەوەیە، زانیاری ئەوەمان هەیە ئەم جەژنی قوربانە لە سلێمانی و شوێنەكانی تر بەدەیان و سەتان خێزان شوێنی مانەوەیان نەبووە.

گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دووپاتی كردەوە، ئەو هاووڵاتییانەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە وەك گەشتیار ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی كردووە، ساڵانە دەگاتە زیاتر لە 750 هەزار گەشتیار، بەپێی خەمڵاندنێك هەر گەشتیارێكی هەرێم بۆ دەرەوە لە 700 دۆلارەوە پارە خەرج دەكات تا دەگاتە سەروو پێنج هەزار دۆلار، بە پێی خەمڵاندنەكە ساڵانە ئەو پارەیەی كە گەشتیارانی هەرێم دەیبەنە دەرەوە لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلارە.

ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنان ئاماژەی كرد كە ناوچە گەشتیارییەكان لە هەورامان و ئەحمەدئاوا و خورماڵ و هەڵەبجە و پێنجوێن و سلێمانی و دوكان و دەربەندیخان و شارباژێر و تا دەگاتەوە هەولێر و شەقڵاوە و دهۆك و ناوچەكانی تر، تا ئێستە وەك پێویست پڕۆژەی گەشتیاریان تێدا نییە، زۆر پێویستە بۆ ئەم كابینەیە گرنگییەكی تەواو بەو كەرتە بدات و لە ناوچە گەشتیارییەكان وەبەرهێنانی گەشتیاری بكرێت، بە گرنگیندان بەو شوێنانە وا دەكەین چونی گەشتیاری ناوخۆ بۆ دەرەوە كەم بكرێتەوە و داهاتەكە بۆ ناوخۆ بێت، هەروەها گەشتیاری دەرەوە و عێراق زیاتر ڕابكێشین بۆ ناوخۆی هەرێم.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل