سێ کەس رکابەری عومەر سەیدعەلی دەکەن بۆ پۆستی رێکخەری گشتی

:: PM:02:09:09/09/2019 ‌

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، سێ كەس خۆیان بۆ پۆستی ڕێكخەری گشتی گۆڕان كاندید كردووە و دەشڵێت، ژمارەیەك كەسی دیكە بۆ پۆستی خانەی ڕاپەڕاندن كاندیدن لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامە كۆنەكان.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئەیلول، نەسرەدین مەحموود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، خۆكاندیدكردن پۆستە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتووە و ئەگەر كەسێك لە دەرەوەی وڵات بووبێت و فریا نەكەوتبێت، تا ئەمڕۆش دەتوانێت فۆڕمی خۆ كاندیدكردن وەرگرێت بۆ پۆستە ناوخۆییەكان.

روونی دەکاتەوە، بۆ ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سێ كەس خۆیان كاندید كردووە سەرەڕای عومەری سەید عەلی، بەڵام لە ئێستادا نامانەوێ ناوەكان ئاشكرا بكەین بەهۆكاری ئەوەی نەكا گۆڕانكاری دروست بێت لە كاندیدەكان تا ڕۆژی هەڵبژاردنەكە.

"بۆ خانەی ڕاپەڕاندن لە نێوان دوو بۆ سێ لە ئەندامە كۆنەكان خۆیان كاندید كردووەتەوە، هەروەها كەسانی نوێ خۆیان كاندید كردووە، لەگەڵ ژمارەیەك لە گەنجان و ژن و پیاوەوە كە بۆ دوو ساڵی داهاتوو خانەی ڕاپەڕاندن جیاواز دەبێت، گەنجی تێدا دەبێت و ژنیش وەك ئەندام تێیدا دەبێت" نەسرەدین مەحموود وات گوت.

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاسکرای دەکات، سبەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە و نوێنەری خۆی بۆ خانەی راپەڕاندن دیاری دەكات و ئەو نوێنەرەش دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن.

بڕیارە ڕۆژی شەموو 14ی ئەیلوول، هەڵبژاردن بۆ ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێت ، بەپێی لێدوانە ناوخۆییەکانی ئەو بزووتنەوەیە، عومەر سەید عەلی ڕێكخەری ئێستای گۆڕان شانسی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ ڕێكخەری گشتی بەهێزە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 12591 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌