39 خێزان چاوه‌ڕوانن له رێی حكوومه‌ته‌وه منداڵ وه‌ربگرن
له پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه، منداڵی بێ سه‌رپه‌رشت ده‌درێته ئه‌و خێزانانه‌ی خوازیاری به‌خێوكردنی منداڵن، تا ئێسته 11 منداڵ دراونه‌ته ئه‌و خێزانانه و 39 خێزانیش له چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی منداڵدان.
خێزانی جێگره‌وه یه‌كێك له پڕۆژه هاوبه‌شه‌كانی نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی و ڕێكخراوی یونیسێف و ڕێكخراوی "ستێپ"، بۆ یه‌كه‌م جاره له پارێزگای سلێمانی ئه‌زموون ده‌كرێت و پاشان له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
محه‌مه‌د عه‌لی به‌رپرسی هۆبه‌ی خێزانی جێگره‌وه، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه كار ده‌كات بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی خێزانی شایسته و ئاماده‌یان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببن به لانه‌یه‌كی ئارام و باوه‌شی گه‌رم بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی به هه‌ر هۆكارێك باوه‌شی خێزانه‌كانیان له ده‌ست داوه و ڕوو له ماڵه‌كانی له‌خۆگرتنی منداڵ ده‌كه‌ن له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی.
پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه له ساڵی 2016وه به‌شێوه‌ی كرداری كاری تێدا ده‌كرێت، سه‌ره‌تا به قۆناغی ڕاهێنانی ستافه‌كان ده‌ستی پێ كردووه، پاشان كردنه‌وه‌ی هۆبه‌كه له رێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا له ڕۆژی 31ی 8ی 2017، دواتر له ساڵی 2017 به‌شێوه‌ی كرداری زیاتر له 10 خێزان په‌سه‌ند كران وه‌ك خێزانی جێگره‌وه و ئاماده بۆ وه‌گرتنی منداڵ، پێنج منداڵیش گواسترانه‌وه بۆ ناو خێزانه جێگره‌وه‌كان و ئێسته له ژیانێكی شایسته و ئاسایی خۆیاندا ده‌ژین و پڕۆژه‌كه‌یش به‌رده‌وامه له كاره‌كانی.
به‌پێی ئاماری شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی، (14 منداڵ/ 12 كوڕ و دوو كچ) له خانه‌ی ساوایانن كه ته‌مه‌نیان له خوارووی چوار ساڵه، هه‌روه‌ها 31 منداڵ ئێسته له ماڵی كوڕان و چوار منداڵ له ماڵی كچان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی 18 منداڵیان گهڕێنڕاونهتهوه ناو خێزانه‌كانیان یان دراون به خێزانی جێگره‌وه.
ئامانجی چاودێری جێگره‌وه بریتییه له دابینكردن و ڕه‌خساندنی هه‌موو جۆره‌كانی چاودێری بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی چاودێریی خێزانی ده‌یانگرێته‌وه، هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌كردنی ڕاست و دروست و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و سۆز و خۆشه‌ویستییه‌ی له ده‌ستیان داوه، له چوارچێوه‌ی ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی خێزانی جێگره‌وه بۆیان.
به‌رپرسی هۆبه‌كه زیاتر گوتی "به‌و خێزانانه ده‌گوترێت خێزانی جێگره‌وه كه منداڵ له ڕووی بایۆلۆجییه‌وه سه‌ربه ئه‌وان نییه، به‌ڵام پێی سپێردراوه تا له ئامێزیدا چاودێریی بكرێت و بپارێزرێت و په‌روه‌رده بكرێت، ئه‌وه‌ی به‌هه‌ر هۆیه‌ك له ده‌ستی داوه له سۆز و خۆشه‌ویستی بۆی قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، ئه‌وانیش پێكدێت له ژن و مێرد، یان ژن به ته‌نیا خۆی چ جیابووه‌وه بێت یان هه‌ر كه‌سێك هه‌مان حوكمی هه‌بێت.
بۆ پێدانی منداڵی بێ سه‌رپه‌رشت یان منداڵی ناو خانه‌كان به خێزانه جێگره‌وه‌كان، كۆمه‌ڵێك مه‌رج هه‌ن كه ده‌بێت له‌و خێزانانه‌دا هه‌بن وه‌ك:
1 ـ عێراقی بێت و دانیشتووی هه‌رێم بێت.
2 ـ شایسته‌یی یاسایی هه‌بێت.
3 ـ به خوو و ڕه‌وشتی په‌سه‌ند و باش ناسراو بێت.
4 ـ نه‌خۆشیی گوازراوه‌ی نه‌بێت.
5 ـ توانای له خۆگرتن و به‌خێوكردنی منداڵ و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری چاودێری جێگره‌وه‌ی هه‌بێت و نیازپاك بێت.
6 ـ پێویسته هه‌ریه‌كه له ژن و پیاو ته‌مه‌نیان له 25 ساڵ زیاتر بێت.
كاتێك خێزانێك ده‌یانه‌وێت ببنه خێزانی جێگره‌وه چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه به‌م شێوه‌یه ده‌بێت:
1 ـ داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن هه‌ردوو هاوسه‌ره‌وه واژوو كرابێت ئه‌گه‌ر له ژیاندا بوون، یان كه‌سێك كه مافی پێشكه‌شكردنی داواكاری هه‌یه.
2 ـ ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی و ناسنامه‌ی باری شارستانی و كارتی زانیاریی.
3 ـ ڕاپۆرتێكی پزیشكی كه له لایه‌نێكی پزیشكی تایبه‌تمه‌ند و متمانه پێكراوه‌وه ده‌رچووبێت.
4 ـ نووسراوی پشتگیریی ئاسایش.
5 ـ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بیسه‌لمێنێت پێشینه‌ی تاوانكاری نییه.
" ئه‌و منداڵانه‌ی كه ده‌درێنه خێزانه جێگره‌وه‌كان، ده‌بێت به‌ده‌ست گرفته خێزانییه‌كانه‌وه گرفتار بووبن یان چاودێری دایك و باوك یان یه‌كێكیان به‌هه‌ر هۆكارێك له ده‌ست داوه یان ناشایسته‌یی دایك یان باوك یان هه‌ردووكیان یاخۆ به‌هه‌ر هۆكارێكی تری پێویست، ده‌بێت ته‌مه‌نی له 18 ساڵ كه‌متر بێت، هه‌روه‌ها له یه‌كێك له ماڵه‌كانی تایبه‌ت به چاودێری نه‌وجه‌وانان بمێنێته‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دیاری ده‌كات، به‌ر له‌وه‌ی پێوه‌ندی به خێزانه جێگرهكهوه بكات". محه‌مه‌د عه‌لی وای گوت.
له‌باره‌ی سیستمه‌كه‌وه روونی كرده‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سیستمه‌كه به ته‌واوه‌تی نوێیه له كوردستان و كاركردن له قۆناغی دانانی بناغه‌دا كاری زۆری ده‌ویست، پرۆسه‌ی په‌سه‌ندكردنی خێزانی جێگره‌وه‌كان و جێگیركردنی منداڵه‌كان پرۆسه‌یه‌كی هێواشه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و ڕێگرییانه‌ی دێنه پێش، زۆربه‌ی كات له ماوه‌ی نێوان دوو بۆ شه‌ش مانگ پێویسته تا خێزانێك په‌سه‌ند ده‌كرێت و ده‌بێته خێزانی جێگره‌وه.
محه‌مه‌د عه‌لی ئاماری پڕۆژه‌كه‌ی خسته‌ڕوو كه له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا 39 خێزان تۆمار كراون له پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه‌دا، 18 خێزان په‌سه‌ند كراون و توانراوه ببن به خێزانی جێگره‌وه، 11 منداڵیش نێردراونه‌ته ناو خێزانه جێگره‌وه‌كان.
له ڕێی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی خێزانه‌كان ڕاهێنراون، به جۆرێك هه‌ر منداڵێك توێژه‌رێك و هه‌ر خێزانێك توێژه‌رێك، به به‌رده‌وامی سه‌ردانیان كراوه به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی ئاماده‌كراو، به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتی خێزانه‌كان و دڵنیابوونه‌وه له سه‌لامه‌تی منداڵ و باشی دۆخی په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستیان، ژماره‌ی ئه‌و سه‌ردانانه بریتی بووه له 300 سه‌ردان.
ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره ئاشكرای ده‌كات كه هه‌بووه له خێزانه جێگره‌وه‌كان پابه‌ندی یاسا و ڕێنوێنییه‌كانی هۆبه‌ی خێزانی جێگره‌وه نه‌بوون، بۆیه منداڵه‌كه‌یان لێ وه‌رگرتوونه‌ته‌وه.
به‌رپرسه‌كه‌ی هۆبه‌ی خێزانی جێگره‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "به‌پێی سیستمه جیهانییه‌كان، ئه‌و منداڵانه‌ی له خانه‌كان گه‌وره ده‌بن، به گرووپ ده‌ژین و داهاتوویان دیار نییه و جوان په‌روه‌رده ناكرێن و گۆشه‌گیر ده‌رده‌چن و كه‌سێكی ئاسایی نابن".
وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت "ئێمه له خانه‌كان ژیانێكی ئارامیان پێ ده‌ده‌ین و ده‌یانپارێزین، به‌ڵام فێری ئه‌وه‌یان ناكه‌ین چۆن به‌رگری له خۆیان بكه‌ن، بنچینه‌ی سه‌لامه‌تی ئه‌و منداڵانه 20٪ـه، خۆی ده‌بێت 80٪ زیاتر بێت له‌ناو خێزاندا، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی ئاسایی لێ ده‌ربچێت و سوودمه‌ند بۆ كۆمه‌ڵگه هه‌بێت، بۆیه ئه‌و منداڵانه ده‌درێنه خێزانه جێگره‌وه‌كان."
خێزانه جێگره‌وه‌كان ته‌نیا ده‌توانن سێ مه‌رج دابنێن بۆ وه‌رگرتنی منداڵ، ئه‌وانیش داواكردنی منداڵه به‌شێوه‌ی درێژخایه‌ن یان مامناوه‌ند یان كورتخایه‌ن. جگه له‌مه دیاریكردنی ڕه‌گه‌زی منداڵه‌كه گرنگه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی.
منداڵی ماوه‌درێژ ئه‌و منداڵانه ده‌گرێته‌وه كه هیچ هیوایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌یان نییه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه خێزانه‌كه‌ی له ژیاندا نه‌مابن یان منداڵه‌كه خۆی خێزانه‌كه‌ی نه‌وێت.
مامناوه‌ند ئه‌و منداڵانه ده‌گرێته‌وه كه خێزانه‌كه لێك جیا بوونه‌ته‌وه.
كورتخایه‌ن ئه‌و منداڵانه ده‌گرێته‌وه كه كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه و دوای چه‌ند مانگێكیش ده‌چنه‌وه لای خێزانه‌كانیان.
وه‌ك محه‌مه‌د باسی ده‌كات "خێزانه جێگرهوهكانیش زیاتر داوای منداڵی كچ و خوار چوار ساڵ و ماوه‌درێژ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌یه خێزانه جێگره‌وه‌كان له‌وه ده‌ترسن كه هۆگری منداڵه‌كان بن و دواتر ده‌ستبه‌رداربوون لێیان قورس بێت".
ئه‌و هیواداره له داهاتوودا منداڵی گه‌وره و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و ماوه‌كورت بخه‌نه ناو خێزانه‌كانه‌وه، تا ئه‌و منداڵانه‌یش له‌ناو خێزانه جێگره‌وه‌كاندا هه‌ست و خۆشه‌ویستییان پێ بدرێت.
وشه/ سلێمانی- ئاریان محه‌مه‌د