به‌رپرسێكی پارتی: یه‌ك لیستی بۆ كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان گرنگه‌

:: PM:06:56:09/09/2019 ‌
پاش ڕاگه‌یاندنی یه‌ك لیستی له‌ پارێزگای كه‌ركووك لایه‌ن حزبه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌، به‌رپرسێكی پارتی له‌ ناوچه‌یه‌كی كوردستانی سنووری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین پشتگیری له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات و به‌پێویستی ده‌زانێ دۆخی ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاسایی بكرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م نۆی ئه‌یلوول، ئه‌رسه‌لان عه‌لی به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، بڕیاری یه‌ك لیستی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ كه‌ركووك زۆر گرنگه‌ و پێویستیه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌م قۆناغه‌یه‌، چونكه‌ ڕه‌وشی سیاسی و ته‌ناهی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان واده‌خوازێ كورد یه‌ك لیست بێ.

زیاتر گوتى، جگه‌ له‌ كه‌ركووك له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تریش پشتگیری هه‌نگاوی له‌وجۆره‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی یه‌ك گوتاری و یه‌ك ده‌نگییه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ كورد چیتر پێگه‌ی لاواز نه‌بێ.

ئه‌و به‌رپرسه‌ به‌ گرنگیشی زانی، تاكاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاگان، دۆخی سیاسی و ته‌ناهی ئه‌و ناوچانه‌ ئاسایی بكرێنه‌وه‌.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017ەوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیركراوە، كەسێكی عەرەب وەك پارێزگار بەسەر شارەكەدا سەپێنراوە، ئێستە پارتی و یەكێتی گەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی كەسێكی كورد بكەن بەپارێزگاری شارەكە و لەكاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵەیشدا هەردوو حزب لە كۆبوونەوەدان.

هاوكات بەپێی ڕێككەوتنێكی پێشتر پارتی و یەكێتی ڕێككەوتوون كە تەیب جەبار بكرێتە پارێزگاری كەركووك و لەگەڵ وەڵامی پێكهاتەكانی كەركووك ڕێوشوێنەكان بۆ دەست بەكاربوونی دەست پێ دەكات.

گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی


وشە - محەمەد میران