كچێكی كورد لە شێوەكاری داهێنانی كردووە و دەیەوێ هونەرەكەی بە جیهانیی بكات

:: AM:10:03:10/09/2019 ‌

كچێكی شاری دهۆك بە ناوی سەرماوەز كەمەكی، نوێترین داهێنانی لە هونەری شێوەكاریدا كردووە كە دروستكردنی تابلۆ و كارە هونەرییەكانە بە "دەزوو". وەك خۆی دەڵێ "لەسەر ئاستی دنیا و  كوردستانیش تەنیا ئەو ئەم كارە دەكات و داهێنانی خۆیەتی".

سەرماوەز بە"وشە"ی راگەیاند، دوای هەوڵ و كوششێكی زۆر لە رووی بیركردنەوە، دواجار گەیشتە ئەو دەرەنجامەی دەبێت هونەرێكی نوێ بێنێتە دنیای هونەری شێوەكاری، ئەویش دروستكردنی تابلۆیە بە دەزوو.

زیاتر خستیە ڕوو، "دروستكردنی تابلۆ و كارە هونەرییەكان بە دەزوو یەكێكە لە كارە قورسەكان و پێویستی بە لێهاتوویی و شارەزاییەكی زۆر هەیە". 

سەرماوەز دەڵێت "ئەوە هونەری منە و خۆم دامهێناوە و هیچ كەسێك لە دنیا ئەم كارە ناكات، من بە دەزوو تابلۆی مرۆڤ و ئاژەڵ و سروشت دروست دەكەم و شانازی دەكەم كە توانیم بۆ خزمەتی كوردستان ئەو داهێنانە بكەم".

ئەو بەهرەمەندە داوا دەكات هونەرەكەی بكرێت بە‌ هونەرێكی نێودەوڵەتی و لە ئاستی دنیا بناسرێ. لەو پێناوەشدا چەندان پێشانگەی تایبەتی كردووەتەوە، هەروەها چەندان تابلۆ و بەرهەمی هونەری رەوانەی دەرەوەی وڵات كردووە. 

" من زۆر دڵخۆشم و بڕیارم داوە بەردەوام بم لەسەر كارەكانی خۆم بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە هونەر و كوردستان بكەم، پێویستیم بە پشتیوانی لایەنی پێوەندیدارە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە هیچ لایەنێك هاوكاری نەكردووم‌". سەرماوەز وای گوت.

سەرماوەز لە شاری دهۆك دەژیت و مامۆستای هونەرە و بەڕێوەبەری بەشی هونەری بەڕێوەبەرایەتی چاڵاكی قوتابخانەكانە، یەكێكە لە كچە دەستڕەنگین و شێوەكارەكانی دهۆك و چەندان بڕوانامەی رێزلێنانی لە ئاستی باڵای حكوومەت و سەرۆكایەتی وەرگرتووە.

وشە/راپۆرتی نەوزاد هلۆری














وشە - وشه‌

ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌