لە سلێمانی بە رۆژی رووناك جەردەیی دەكرێ

:: PM:04:12:10/09/2019 ‌
بەرپرسانی ناوچەكە: چەند بازگەیەكی نایاسایی سەرانە لە خەڵك وەردەگرن

لە سلێمانی بە پاڵپشتی كەسانی دەستڕۆیشتوو، بازگەی نایاسایی دادەنرێت و دوور لە هەموو رێنوێنییەكی حكوومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان، باج و سەرانە وەردەگرن. ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت كە پێشتریش چەند بازگەیەكی هاوشێوە هەبوون و دوای بەدواداچوون و فشارەكان، داخراون.

كەریم عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان، بە"وشە"ی راگەیاند، ماوەیەك لەمەوبەر زانیارییان پێ گەیشت كە لە نزیك بنكەی هاتوچۆی تاسڵووجە، چەند كەسێك سەرقاڵی دانانی بنكەیەكی تری وەرگرتنی باجن لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تانكەری نەوت، ئەوەش نایاساییە و رێپێدراو نییە.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كە سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەیە، نیگەرانە لەو حاڵەتە و دەڵێ، "كەسانی دەستڕۆیشتووی حزبی لە پشت دانانی ئەو بازگە نایاساییانەوەن، چونكە ئەگەر وانییە، با هاووڵاتییەك بڕوات بلۆكێك لەسەر شەقامێك دابنێت بزان چۆن لێی كۆ دەبنەوە و رێی لێ دەگرن و دەشیگرن، ئەگەر سوور بێت لەسەر كارەكەی.

كەریم عەلی زیاتر گوتی، "نووسراو ئاراستەی داواكاری گشتی دەكەین، بۆ ئەوەی پێمان بڵێن كێن ئەوانەی دەتوانن ئۆفیس و بازگەی لەو جۆرە دابنێن كە پیشەكەیان تەنیا وەرگرتنی سەرانە بێت".

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەی وەبیر هێنایەوە كە پێشتر بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی كابینەی هەشتەم، فەرمان بۆ نەهێشتنی ئەم بازگانە دەركراوە كە نابێ جگە لە وەزارەتی دارایی، هیچ لایەنێكی تر بۆی هەبێت باج لە خەڵك وەربگرێت، هەر حاڵەتێكی لەو جۆرە هەبێت، دەبێ دادگا و لایەنە پێوەندیدارەكان رێكارەكانی خۆیان بگرنەبەر، ئێمەش هەوڵی ئەوە دەدەین ئەو رێنوێنییانە جێبەجێ بكرێن.

"پێشتر لە بانمەقان مەفرەزەیەكی پێشمەرگەی سەربە بەرپرسێكی باڵا، بازگەیان دانابوو و دەستیان بەسەر هەندێ دەگرت یان لای خۆیان گلیان دەدایەوە، لەوانە ئەو نەوتەیان دەستبەسەردا گرتبوو كە بۆ كوردانی ناوچەكانی مادەی 140 دەهات كە لە هەرێمی كوردستانن، لە كاتێكدا كاری پێشمەرگە نییە بازگە دابنێت، بەڵكو كاری وەزارەتی داراییە ئەو بازگانە دابنێن، خۆشبەختانە ئێستە ئەو بازگەیە لە بانمەقان نەماوە" عەلی وای گوت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، باسی لە چەندان حاڵەتی تر كرد كە لە رابردوودا هەبوون و ئێستەیش لە هەندێك جێ هەر ماون، حیساب بۆ یاسا و رێنوێنییەكانی حكوومەت ناكەن و خۆیان لە سەرووی یاساوە نیشان دەدەن.

بەپێی یاسا رێپێدراوەكان كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەردەچن، دەسەڵاتی دانانی بازگە و ئۆفیسی لەو جۆرە تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی و ناوخۆیە، دانانی هەر بازگەیەكیش پێویستی بە رەزامەندی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە.

جەلال كەریم بریكاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ ئاگای لە دانانی ئەو جۆرە ئۆفیسانە نییە، چونكە دانانی ئەو بازگانە پێوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە نییە. 

ئۆفیسە نوێیەكە كە وەك ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی پێ داوە، "ژمارەیەك چەكدار بۆ وەرگرتنی سەرانە دایانناوە، دەكەوێتە سەر رێی بازیان – سلێمانی و لەسەر ئەو رێ سەرەكییەیە كە دێتە ناو شاری سلێمانییەوە"

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری شارەدێی بازیان، بۆ "وشە" چەند زانیارییەكی نوێی دركاند و ئاماژەی بە سێ بازگەی تری هاوشێوە كرد كە لە "كەڵەوانان و عەربەت و بانی مەقان"ن.

نەوزاد نووری بەڕێوەبەری شارەدێی بازیان، رای دەگەیەنێت كە "داوامان لەو چەكدارانە كرد كە سەرقاڵی دانانی ئۆفیسەكەن، پێمانگوتن بێنە لامان و رەزامەندی وەربگرن و قسەی لەبارەوە بكەین، بەڵام ئەوان گوتیان پارە تەنیا لە تانكەرەكانی سووتەمەنی وەردەگرین".

نووری دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان نەیانتوانی هیچ نووسراوێكی فەرمیش بێنن كە رێیان پێ بدات ئەو كارە بكەن و بەردەوام بن لەسەری.

وەك بەڕێوەبەری شارەدێی بازیان هێمای بۆ كرد، "كاتێك زانیم چەكدارەكان بەردەوامن لە كارەكەیان و گوێ بە داواكاریی ئیداری نادەن، پێوەندیم بە سەرۆكی شارەوانیی ئەڵاییەوە كرد و داوام لێ كرد بڕۆن لە كابینەی ئۆفیسەكەیان بنووسن نایاساییە، چونكە كابینەكەیشیان لەسەر لێواری رێیەكە داناوە كە بەپێی یاسا دەبێ 40 بۆ 50 مەتر دوور بێت لە رێیەكەوە، بەڵام ئەوان چوون نووسراوەكەیان رەش كردووەتەوە".

لە هەرێمی كوردستان چەند بازگەیەكی فەرمی هەن كە دەكەونە دەروازەی شارەكانەوە و ئەوانیش سەربە وەزارەتی دارایی و دەزگای ئاسایشن و بە فەرمی كاری خۆیان رادەپەڕێنن، هەرچەندە زۆرجار لەلایەن خەڵكەوە رەخنە لە زۆری ژمارەی ئەو بازگانە و هەڵسوكەتیشیان دەگیرێت.

بەڕێوەبەری شارەدێی بازیان دووپاتی دەكاتەوە، "ماوەی مانگێكە زانیاریمان پێ گەیشتووە لەبارەی ئەو چەكدارانەوە كە ئۆفیسی پارە وەرگرتنیان داناوە".

لەبارەی ئەوەی كە ئایا كێ لە پشتی ئەو چەكدارانەوەیە كە حكوومەتی خۆجێی سلێمانیش ناتوانێ بازگەكانیان پێ لابەرێت؟ بەڕێوەبەری شارەدێی بازیان گوتی، "هیچ دووكەڵێك بێ ئاگر نییە، بێگومان ئەو كۆمپانیایانە كەسانی دەستڕۆیشتوویان لە پشتە بۆ ئەوەی رەوایەتی بە كارەكەیان بدەن".

ئەوەیشی راگەیاند كە پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەمان لێ ئاگادار كردوونەتەوە، هەموو رێكارە یاساییەكانمان گرتووەتە بەر، لیژنەی زێدەڕەویی شارەوانی نووسراوی كردووە كە دەبێ ئەو كابینەیە لە ماوەی 24 سەعاتدا لاببرێت، بەڵام تا ئێستە لانەبراوە.

بەدواداچوونی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - تایبه‌ت

ئه‌م بابه‌ته 1456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌