لە كۆتا رۆژی عاشوورا سەتان كەس بوونە قوربانی

:: PM:04:25:10/09/2019 ‌
لە كۆتا رۆژی ڕێوڕەسمی عاشوورا لە كەربەلا و كازمییە، بەهۆی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆ سەتان كەس بوونە قوربانی. وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، تا ئێستە 16 كەس گیانیان لەدەستداوە و 75ـی تریش لە كەربەلا بریندار بووینە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول كە دەكاتە 11ـی موحەڕەم و كۆتا رۆژی ڕێوڕەسمی عاشوورا، بەهۆی قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆی ژمارەیەكی ئێجگار زۆر سەردانیكارانی مەزارە پیرۆزەكانی شیعەكان لە عێراق، چەند رووداوێكی خنكان و كەوتن بەسەریەكدا روویانداوە.

یوسف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رای گەیاند، لە كاتی جێبەجێكردنی ڕێوڕەسمی راكردنی تویریج لە گۆڕەپانی بەردەم مەزاری ئیمام حوسێن لە كەربەلا، بەهۆی كەوتن و قەرەباڵغییەوە 16 كەس گیانیان لە دەستداوە و 75ـی تریش بریندارن.
 
هاوكات بەگوێرەی زانیارییەكان، لە شارۆكەی كازمیەی بەغدای پایتەختیش بەهەمان حالەت، دەیان كەس بریندار بووینە كە تا ئێستە ژمارەكە نەزانراوە.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، ئەو ئامارانەی راگەیەنراوە، ئاماری كۆتایی نییە بەڵكو ئەوانەن كە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان یان لەلایەن تیمەكانی تەندروستی چارەسەر وەردەگرن.

ساڵانە سەتان هەزار هاووڵاتییانی شیعە مەزەو لە شارەكانی عێراق و ئێران و ئەفغانستان و وڵاتانی تریش بۆ بەجێگەیاندنی مەراسمی عاشوورا روو لە كەربەلا و بەغدا و شوێنە پیرۆزەكانی شیعە دەكەن، ئەم حالەتانەش ساڵانە دووبارە دەبنەوە.




وشە - فه‌رمان سادق