گۆڕان کاندیدەکانی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە یەکلایی کردەوە

:: PM:04:43:10/09/2019 ‌

ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدەكانی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە دیاری كرد و بەرپرسی مەكۆی هەڵەبجەش ڕای دەگەیەنێت، ناوەكانمان ئاراستەی پارێزگای هەڵەبجە كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، نزار مەحموود بەرپرسی مەكۆی هەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان كە هاوكات ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدەكانی خۆی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە یەكلا كردەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، كاندیدەكانی گۆڕان پێكدێن لە سالار محەمەد، مەهدی ئەبوبەكر، چرۆ محەمەد، ئاسۆ ئیسماعیل، ئاودێر جەمیل بۆ ئەنجوومەن و ناوەكانیش ڕەوانەی پارێزگای هەڵەبجە كراون بۆ ئەوەی ڕەوانەی وەزارەتی بكەن.

بەرپرسی مەكۆی هەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر ناوی لایەنەكان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بە ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بنێرن، هەر ئەمڕۆ ڕەوانەی وەزارەت دەكرێن، بەڵام ئەگەر بە پۆست بینێرن، ناردنەكە دەكەوێتەوە سبەی.

دوێنێ، كاوە كەریم جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكشەم بڕیاربوو ناوی كاندیدەكانی لایەنەكان بۆ ئەنجوومەنی هەڵەبجە ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ بكەین، بەڵام لەسەر داوای بزووتنەوەی گۆڕان ناوەكانمان ڕاگرت، چونكە ئەوان تا ئێستا دوو لە ناوەكانیان یەكلا نەبووەتەوە.

كاندیدەكانی یەكێتی بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە پێکهاتوون لە عوسمان عەبدوڵا و ئەختیار عەزیز و تابان حوسێن و سەیوان محەممەد و نزار حمە خان و شارا عەبدولكەریم، كاندیدەكانی پارتی، ئەردەڵان ئەحمەد و شێنێ هوشیار كەریم و كاروان ئەمین، كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەرسەلان عەتا و هێرۆ محەممەد و ئیدریس محەممەد و یەحیا نەوزاد، كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، مستەفا تۆفیق مستەفا و مامۆستا نەریمان و ڕازان ئەبوبەكر، كاندیدەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی پێكدێن لە سەلام كەریم عەبدوڵا و سەمیرە ئەحمەد حمە عەزیز، هەر یەكە لە سۆسیالست و حزبی شیوعی یەك كورسیان پێدراوە، كاندیدەكەی سۆسیالست نەوزاد عەبدولقادر و كاندیدەكەی شیوعی ئامانج محەمەد ئەمین، هەروەها كاكەیەكانیش كورسییەكیان دەبێت كە ئاكۆ شاوەیس دیاری كراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان