له‌ سلێمانی سیمیناری خۆكوشتن به‌ڕێوه‌ چوو

:: PM:08:23:10/09/2019 ‌

ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیریی ژنان، لە ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی خۆکوشتندا، سیمینارێک لەسەر خۆکوشتن و ھۆکارەکانی و چاەسەرییەکان لەلایەن دەرونناسێکەوە له‌ شاری سلێمان  پێشکەش کرا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م (10ی ئه‌یلوول) ساوێن ھاوڕێ، دەروونناس بە "وشە"ی گوت: له‌ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی خۆکوشتن، سیمینارێکمان ساز کرد و تیایدا باسم لە خۆکوشتن و ھۆکار و لێکەوتەکانی کرد  و لە کۆتاییشدا باسم لە چارەسەرییەکان کرد تا ھەوڵ بدرێ بە ھەموو لایەک خۆکوشتن کەم بکەینەوە.

ئاماژەی بەوەش دا: کەیسی زۆری خۆکوژی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە کە  زۆربەی جار توانای شتێکیان نامێنێ ئەوا پەنا بۆ خۆکوشتن و خۆسووتاندن دەبەن. لە سیمینارەکەدا باسم لەوە کرد، ھاووڵاتیان چۆن ده‌توانن یارمەتی ئەو کەسانەی چواردەوریان بدەن کە ھەوڵی خۆکوشتنی دەدەن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی، ساڵانە 800 ھەزار کەس خۆیان دەکوژن و ڕێژەی 20 ھێندەش ھەوڵ بۆ خۆکوشتن دەدەن،  بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی نەھێشتنی توندوتیژیش، چەند ئامارێکمان ھەیە کە باس لە خۆسووتاندنی ژنان دەکات لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، له‌ هه‌رێمی كوردستان 58 ژن خۆیان سووتاندوە.

"ڕێکخراوەکەمان تایبەتە بە ژنان، بۆیە زۆر سەردانمان دەکەن. ئەو کەیسانەی دێنە بەردەستمان ژنانن کە ھەوڵی خۆکوشتنیان داوە، ئێمەش ھەوڵ دەدەین کە لەڕووی دەروونییەوە ھێمنی بکەینەوە و دەرمانی پێ بدەین و دەشیان نێرینە لای پزیشکی پسپۆڕ" ساوێن  وای گووت.

ڕۆژی 10ی ئه‌یلوولی هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خۆکوشتن دانراوە و لەم رۆژەدا چەند چالاکییەکی هۆشیارکردنەوە و وۆرکشۆپ بۆ پەیوەستبوون و کارکردن لە سەرانسەری دنیا تێدا ساز دەکرێت. لە ساڵی 2003 ئه‌م ڕۆژه‌ دیاری كراوه‌.

سلێمانی - ئاریان محەمەد



وشە - كوردۆ شابان