سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوخەمی لەگەڵ كەسوكاری قوربانیانی كەربەلا راگەیاند

:: PM:11:22:10/09/2019 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوخەمی خۆی بۆ كەسوكاری قوربانیانی رووداوی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان بەشداری رێوڕەسمی عاشوورای پیرۆز لای شیعە لە شاری كەبەلا پێشان دا و ئامادەیی هەرێمیشی دووپات كردەوە بۆ پێشوازیكردن لە برینداران. 

ئەمڕۆ سێشەم لە میانەی بەڕێوەچوونی رێورەسمی عاشوورا لە شاری كەبەلا دەیان كەس بەهۆی قەرەباڵغییەوە كەوتنە ژێر پێ و بەو هۆیەوە زیاتر لە 30 كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 100 كەسیش بریندار بوون.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری قو‌ربانییانی رووداوەكەی ئەمڕۆی كەربەلا دەكەین كە لە ئەنجامی قەرەباڵغی و بەسەریەكداكەوتنی بەشدارانی ڕێوڕەسمێكی ئاینیی شیعە، زیاتر لە (30) كەس گیانیان لە دەست دا و بە دەیانی تریش بریندار بوون.

لە دڵەوە هاوخەم و هاوسۆزیانین و خوای مەزن دڵنەواییان بداتەوە، هیوای بەهەشت بۆ قوربانییان و زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. هەرێمی كوردستان بۆ هەموو هاوكارییەكی پزیشكی و پێشوازی لە برینداران ئامادەیە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
10/9/2019



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل