ئەو كۆگایانەی خواردنەوەیان لەبەردەم هەتاو دانابوو داخران

:: PM:11:38:10/09/2019 ‌
لە بڵاوکراوەیەکدا له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ فه‌یسبووك، قائمقامیەتى ناوەندى هەولێر داخستنى ژمارەیەک کۆگا و مارکێت بەهۆى نەبوونى مەرجى تەندروستیەوە ڕادەگەیەنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەى قائیمقامیەتدا هاتووە، لیژنەی پشکنین و چاودێری بازاڕ ئەمڕۆ 10ى ئه‌یلوول، پشکنین وبەدواداچونیان بۆ هه‌شت کۆگا و مارکێت ئەنجامداوە.

زیاتر ئاشكرا كراوه‌ كه‌، "بەهۆى سەرپێچى لە مەرج و ڕێنماییەکان و دانانی ئاوی خواردنەوە و خواردنەوە گازییەکان لەدەرەوەی شوێنەکانیان و لەژێر کاریگەری پلەکانی گەرما، حه‌وت کۆگا و مارکێت داخران".

قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر ڕای گەیاندووه‌، "هەرشوێنێک پابەندنەبێ بە مەرج و ڕێنماییەکان، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر خاوەنەکانیان دەگیرێتەبەر".

لەبارەی جۆری سزاكانیانەوە ئاماژە كراوه‌ كه‌، "جگە لە داخستنی شوێنەکانیان دواتر سزای پێبژاردن لە ملیۆنێک دینار دەست پێ دەکات تا پێنج ملیۆن دینار، ئەوەیش بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە ئاراستەی قایمقامیەتی هەولێر کراوە".


وشە - محەمەد میران