دەرماڵەی خوێندن بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان خەرج دەکرێت

:: AM:09:43:11/09/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی، بۆ 749 قوتابی كەسوكاری شەهیدان لە زانكۆ و پەیمانگا ناحكوومییەكان، بڕی 337 ملیۆن دینار بۆ دەرماڵەی خوێندنی 2017- 2018 خەرج دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئەیلوول، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی هاتووە، ئاگەداری قوتابیانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكات كە لە ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوولی 2019وە دەرماڵەی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگا ناحكوومییەكان بۆ ساڵی 2017- 2018 خەرج دەكرێت.

ڕوون كراوەتەوە، قوتابیان ئاگەدار دەكەینەوە كە بەزووترین كات سەردانی بەشی پەروەردە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بكەن، هاوكات پێویستە پێناسی باری شارستانی و پێناسی شەهیدان و باجی زانكۆ یان پەیمانگا لەگەڵ خۆتاندا بهێنن.

ئەو قوتابیانەی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی سوودمەند دەبن، ژمارەیان پێكهاتووە لە 749 خوێندكار، كە 411 خوێندكاری زانكۆ ئەهلییەكان و 338 خوێندكاری پەیمانگا ناحكوومییەكانن، كە بڕی 337 ملیۆن دینار لەم پرۆسەیەدا خەرج دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد