ئەمەریكا سزای بەسەر سوپای پاسداران و هێزەکانی نزیک لە ئێران سەپاند

:: AM:10:34:11/09/2019 ‌

لە هەژدەیەمین ساڵوەگەڕی رووداوی تیرۆریستی 11ی سێپتێمبەر، ئەمەریكا سزای بەسەر كۆمەڵێك گرووپی تیرۆریستی و چەكداریدا سەپاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، سزای نوێی بەسەر رێبەرانی گرووپە تیرۆریستییەكان و كۆمپانیاكانیان و ئەو كەسانەشدا سەپاندووە كە پێوەندییان بە گرووپەكانەوە هەیە.

هەریەك لە گرووپەكانی حەماس، حزبوڵا، قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و قاعیدە و داعش لەو لیستەدا ناویان هاتووە كە وەزارەتەكە سزای داون.

گوتەبێژی وەزارەتەكە پێداگری لەوە دەكات كە هەر دوای رووداوی تیرۆریستی 11 ی سێپتێمبەرەوە، ئەمەریكا رۆڵی هەبووە لە بەربەرەكانیكردن و لەناوبردنی تیرۆر لە دنیادا.

پێویستە بگوترێت لە 11ی سێپتێمبەری ساڵی 2001 بە دوو فڕۆكە هێرش كرایە سەر هەر دوو تاوەری بازرگانی ئەمەریكا و بە هۆیەوە هەزاران كەس گیانیان لە دەست دا.

بەگوێرەی "دۆیچەویلێ" ئەم رووداوە تیرۆریستییە كە دواتر دەرچوو رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدەی لە پشتەوە بوو، كۆمەڵێك گۆڕانكاری و سیاسەتی نوێی لە ئاستی دنیادا هێنایە كایەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا باسی لەوە كردووە ئامانجیەتی سەرچاوەی دارایی ئەو رێكخراوانە بە تەواوی ببڕێت و تەنانەت ناوی هەندێك رێبەری ئەو گرووپانەی هێناوە كە ئەمەریكا سزای داون. لەوانە محەمەد سەعید ئێزیدی كە سەرۆكی نووسینگەی فەلەستینی قودسە لە لبنان. هاوكات ناوی زاهیر جەبارین هاتووە كە لە توركیا نیشتەجێیە و پردی پێوەندی نێوان حەماس و قودسی توركیایە.



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 125 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌