یەكێتیی مامۆستایان هەوڵی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست دەدات

:: AM:10:47:11/09/2019 ‌
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئاشكرای دەكات، سەردانی وەزیری داراییمان كردووە و پرسی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستیشمان لەگەڵ باس كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئەیلوول، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ پرسی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست نووسراومان بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرز كردووەتەوە.

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی، دوێنێ‌ سەردانی وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان كرد و پرسی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستمان لەگەڵ باس كرد، چاوەڕوان دەكرێت لە بودجەی ساڵی 2020 بە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دامەزراندن دەست پێ‌ بكاتەوە.

ئاشكرای كرد، مامۆستایانی گرێبەست مافی خۆیانە بكرێنە هەمیشەیی و سوودمەند بن لە مافە داراییەكانیان، بەڵام دەبێت دۆخی دارایی هەرێمی كوردستانمان لەبەرچاو بێت.

دوای تەنگژەی دارایی ساڵی 2014 حكوومەت نەیتوانیوە مامۆستا بۆ وەزارەتی پەروەردە دابمەزرێنێت، بۆیە بەشێكی زۆری مامۆستا بە گرێبەست دامەزراون.



وشە - رامیار جەواد