ئەو كارمەندانەی لە تەمەنی گەورە دامەزراون، ناتوانن خانەنشین بن

:: AM:11:18:11/09/2019 ‌
پەرلەمانتار بە چوار ساڵ خانەنشین دەكرێ و كارمەندانی بەساڵاچوو بە 14 ساڵیش خانەنشین ناكرێن

بەپێی یاسا هەر كارمەندێكی كەرتی گشتی ١٥ ساڵ خزمەت بكات و تەمەنی بگاتە ٦٣ ساڵ، خانەنشین دەكرێت. لە سایەی ئەو یاسایە ئەو كارمەندانەی بە تەمەنی گەورەوە دامەزراون و لەگەڵ ئەوەی هەموو مانگێك بڕێك لە مووچەكەیان بۆ خانەنشینی لێ هاتووەتە گێڕانەوە، ئەگەر ١٤ ساڵیش خزمەتیان هەبێت، لە تەمەنی ٦٣ ساڵی بە دەستخۆشانەیەك بەرەو ماڵیان دەكەنەوە و كەسیش نییە بەهانایانەوە بێت.

دەستاڕی زەمانە بێ رەحمانە دەیهاڕێت و دایك و باوكی لێ دەستێنێت، ڕابی شەریف ئەحمەد لە دوو ژووری دوورەدەستی شارۆكەی قەڵادزێ بە تەنیا دەهێڵێتەوە. جیا لە تەنیایی، نەبوونی ژیانی قورستر دەكات و تامی زۆر لە ناخۆشییەكان دەچێژێت، بەڵام دواجار بە بوونی بە كارمەندی حكوومەت پێی وایە ژیان ڕووی گەشی پێشان داوە و خۆشی باوەشی بۆ كردووەتەوە، ئەو كە كەس نییە بەخێوی بكات، لە ١٥ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٥ بە كارگوزار لە شارەوانیی قەڵادزێ دادەمەزرێت.
دامەزراندنی بە مانگانەی ٣٠٠ هەزار دیناری عێراقی، دڵخۆشییەكەی دەگەیەنێت بە ترۆپك، كە دواجار پەنایەكی بۆ پەیدا بووە لێیەوە داهاتێك وەچەنگ دەخات و لە خەمی دواڕۆژ ئەرخەیان بووە، بۆیە ڕۆژانە بەر لە هەمووان و كۆتایی ڕۆژیش دوا كەس بەڕێوەبەرایەتی جێ دێڵێت، ترسی لەدەستدان و دەركردن، گورجوگۆڵ و بە جۆرێك كار دەكات ڕێی گازندە بۆ كەس نەهێڵێتەوە، باكی بەوەش نەبووە كە چەندان جار لە ڕۆژانی پشوو بۆ پاككردنەوە بانگ كراوەتەوە.

"ڕابی" هەموو ڕۆژێك باڵەخانەیەكی دوو نهۆمی بە مێز و تاق و دۆڵابی ژوورەكانیشەوە پاك دەكاتەوە، تا دواجار نەخۆشیی دڵ تەنگی پێ هەڵدەچنێت و كەسێكی تر دەبێتە یارمەتیدەری، باڵەخانەی شارەوانی كە دەبێتە بەشێك لە ژیانی و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێوەست دەبێت پێیەوە، بەرزیی ژمارەی ساڵەكان بەری ڕووناكی لێ دەگرێت و یاسا مرۆییەكان دەیخەنە چاڵەوە. 

لە یەكی تەمووزی ٢٠١٨ كاتێك تەمەنی دەبێتە ٦٣ ساڵ، ئاگادار دەكرێتەوە كە چیتر ناتوانێ دەوام بكات و كەمی خزمەتیش مافی پێ نادات خانەنشین بێت، چونكە پێویستە بەر لەوەی تەمەنی بگاتە ٦٣ ساڵ، بەلایەنی كەمەوە ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێت، بەڵام وەزارەت فەرمانی وەزاری و كارگێڕییان بۆ دەركردووە، لەبری زیاتر لە ١٢ ساڵ خزمەتكردن، تەنیا پاداشتێكی پێ بدرێت كە ئەویش لە ملیۆنێك دیناری عێراقی تێپەڕ ناكات.

ررابی ئەو كاتەی دامەزراوە ئاگادار نەكراوەتەوە كە تەمەنی ڕێی ئەوە نادات لە دواجار خانەنشین ببێت و بە"وشە" دەڵێ، "ئەگەر بمزانیایە خانەنشین ناكرێم، قەت دەوامم نەدەكرد، من بۆ ئەوڕۆ ئەو دەوامەم كردووە، بە گەنجی هەموو كارێكم پێ دەكرا و دەمتوانی كار بۆ خەڵك بكەم كە پارەی زیاترم دەست دەكەوت، ئێستەیش كە بەرەو پیری دەڕۆم، پشتم لەسەر كاری شارەوانی داناوە...". لێرەوە چیتر نەیتوانی پێش بەو دڵگەرمییەی بگرێت كە هەناوی دەسووتاند، بە گریانەوە بەردەوام بوو "زۆر ناخۆشە... بە گەنجی كارت پێ بكەن و بە پیریش بتنێرنەوە ماڵێ‌".

باڵەخانەی شارەوانی كە ‌ماڵی دووەمی بووە، ئێستە میوانێكە و بە گریانەوە دەیگوت "كە بەلایدا دەڕۆم، ناتوانم سەردانی نەكەم و چاوێك بە ژوورەكانیدا نەگێڕم، ئاخر تەمەنێكم لێرە بەسەر برد، بەس ئاخ پیری..."

ڕابی ١٢ ساڵ و چوار مانگ لە شارەوانی قەڵادزێ خزمەتی كردووە و مانگانە بڕێك لە مووچەكەی بۆ خانەنشینی لێ بڕاوە، دوو مانگی تر بەبێ مووچە دەوام دەكات، ئەو هەواڵە كە خەونی ساڵەهای بە با دەدات، پاداشتەكە وەرناگرێت و لە وەرگرتنی مافی خانەنشینی خۆی لە لێدانی هیچ دەرگەیەك سڵ ناكاتەوە، تەنانەت هەوڵی بچووككردنەوەی تەمەنیشی دەدات تا بتوانێ دوو ساڵ و هەشت مانگی تر خزمەت بكات، بەڵام وەك سەردانەكانی بۆ وەزارەتی دارایی هەوڵەكەی بێ ئاكام دەمێنێتەوە، لە شارەوانییەوە داوای بۆ وەزارەت بەرز دەكەنەوە، تا ماوەی كاركردنی بۆ درێژ بكرێتەوە و وەڵامی نادرێتەوە.

ئەندازیار ئارام محەمەد ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی قەڵادزێ، لەو بارەیەوە بە"وشە" دەڵێ، "ئەو كارمەندەی ئێمە نموونەیەكە و لە زۆربەی فەرمانگەكانی تری حكوومەت هاوشێوەی هەن، بەوەی خانەنشینی ڕێنوێنیی و یاسای خۆی هەیە".

روونی كردەوە، "بەپێی ڕێنوێنییەكان ئەو كارمەندەمان دوای ئەوەی تەمەنی دەگاتە تەمەنی یاسایی پێویستە خانەنشین ببێت، ساڵانی خزمەتی كەمە و ئێمە نووسراومان كردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ڕاپەڕین و لەوێوە بۆ وەزارەت و لایەنی پێوەندیدار بەرز كراوەتەوە، بەڵام یاساكە ڕێگرە لەوەی خانەنشین ببێت".

ئەو یاسایەی دوای خزمەتكردنی ١٤ ساڵیش ڕێگرە لە خانەنشینی ڕابی و هاوشێوەكانی، سەرچاوەكەی پەرلەمانی كوردستانە، لە كاتێكدا پەرلەمانتاران خۆیان بە خزمەتی تەنیا چوار ساڵ بە مانگانەیەكی قەبە خانەنشین دەبن.

ڕابی بەوە دڵی ئاو ناخواتەوە و چەندان جار خۆی سەردانی وەزارەت دەكات لە هەولێر، كەچی پێی دەگوترێت "بڕۆوە ماڵی خۆت و هەر بەتەنیا تۆ نیت، زیاتر لە ٧٠ كەسی تر هەن وەك تۆ تەمەنیان گەورەیە و ئەگەر لەگەڵ ئەوان هیچت بۆ كرا باشە، ئەگەرنا بڕۆرەوە ماڵی خۆت و بێدەنگ دانیشە".

وەزارەتی دارایی كە لێیەوە دەكرێ ژمارەی كارمەندانی هاوشێوەی ڕابی لە هەموو دەزگەكانی حكوومەت وەچەنگ بخرێت، "وشە" بۆ ئەوەی داتا بۆ ڕای گشتی بخاتە ڕوو، چەندان جار پێوەندی بە گوتەبێژی وەزارەتی دارییەوە كرد، بەڵام وەك هەمیشە وەڵامی نەدایەوە.
ئێستە لە كوردستان زۆربەی خەڵك چاویان لە حكوومەتە لە فەرمانگەكانی دایانمەزرێنێت، بەڵكو لە دواڕۆژ كە پیری تاقەتیان لێ دەبڕێت، بەری ڕەنجیان بچننەوە و بە مووچەی خانەنشینییان كە مانگانە لێیان دەگێڕنەوە، دوا ڕۆژەكانی تەمەنیان بە سەربەرزی و چاو لە دەستنەبووی دەوروبەر بەڕێ بكەن، كەچی ئەو كارمەندە‌ی حكوومەت كە ١٢ ساڵ و چوار مانگ خزمەتی فەرمانگەكەی كردووە، زیاتر لە ساڵێكە ڕەوانەی ماڵەوە كراوە و ڕۆژانە بەبێ كاری و لە چاوەڕوانی ڕۆژان دەژمێرێت.

رابی جگە لە نەخۆشییەكانی بڕبڕەی پشت، نەخۆشیی دڵ و پەستانی خوێن، كەسی نییە و بۆ كڕینی دەرمانەكانی چاوی لە دەستی خێرخوازانە. بەگوتەی خۆی "ئەگەر خانەنشین بكرێت، مانگانە نیوە مووچەكەی وەردەگرێت، كە ئەگەر ڕێی بدەن ئامادەیە سەرووی سێ ساڵی تر خزمەت بكات، تەنیا بۆ ئەوەی دەستی بە ١٥٠ هەزار مانگانەی خانەنشینی مافی خۆی بگات، بۆیە ئەگەر بمگێڕنەوە توانام هەیە و لە خۆم ڕا دەبینم هەموو ڕۆژێك دەوام بكەم".

وشە/ هەولێر. چواس خالید




وشە - وشه‌