عێراق بە ئەمەریكای راگەیاند ناتوانێت گازی ئێران نەكڕێت

:: PM:12:31:11/09/2019 ‌

حكوومەتی عێراق پێی وایە تا چەند ساڵێكی تر پێویستی بە گازی سروشتی ئێران هەیە بۆ مەبەستی دابینكردنی كارەبا، بۆیەش داواكارییەكی ئەمەریكا لەسەر وازهێنان لە كڕینی گازی ئێرانی رەت كردەوە.

لوای ئەلخەتیب وەزیری كارەبای عێراق لە میانەی كۆنفرانسی جیهانیی وزە كە لە ئەبوزەبی بەڕێوە دەچێت گوتی، پرسی كارەبا لە عێراق خەریكە دەبێتە پرسێكی سیاسی و پچڕانی ئەو خزمەتگوزارییە گرنگە هەندێك جار ناڕەزایەتی لێ كەوتووەتەوە، بۆیەش دەبێت هەوڵی دابینكردنی بدرێت.

بەپێی ئامارێك ئەو بەرپرسە باڵایەی عێراق خستیەڕوو عێراق بۆ بەرهەمهێنانی دوو هەزار و 500 مێگاوات كارەبا پشت بە گازی سروشتی ئێران دەبەستێت و جگەلەمە راستەوخۆ هەزار و 200 مێگاوات كارەباش لە ئێرانەوە هاوردە دەكات.

كۆی توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق بە گوتەی وەزیری كارەبا 18 هەزار مێگاواتە كە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات زیادی كردووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئێران" كۆی ئاستی پێویستی عێراق بە كارەبا 25 هەزار مێگاواتە و 11%ی نرخی ئەو نەوتەی هەناردەی دەكات بە گازی ئێرانی دەدات بۆ ئەوەی ئەو پێداویستییانەی پێ پڕ بكاتەوە.

پێویستە بگوترێت ئەمەریكا پێشتر چەندان جار لە عێراق خۆش بووە بۆ ئەوەی وزە لە ئێران بكڕێت، بەڵام لە هەمان كاتدا گوشاری خستووەتە سەر عێراق بۆ ئەوەی خۆی لە وزەی ئێرانی دەرباز بكات تا بتوانێت سزاكانی لەسەر ئێران بە تەواوی جێبەجێ بكات.



وشە - سلێمان تاشان