كۆی نەوتی كۆگاكراوی ئێران كە كڕیاری نییە گەیشتە 120 ملیۆن بەرمیل و بەپێی ئەو ئامارانەی كۆمپانیای زانیاری وزەی كیلەر بڵاوی كردووەتەوە، هیچ كاتێك ئێران تا ئەو ئاستە زۆرە نەوتی لە دەستدا نەماوەتەوە.
بەر لە رێككەوتنی ناوكی و لە خولی سزاكانی پێشوو كۆی ئەو نەوتەی ئێران كۆگای كردبوو و نەیدەتوانی بیفرۆشێت گەیشتە 55 ملیۆن، بەڵام ئەمجارەیان سزاكان زۆر قورسترن، بۆیەش ئێران نەوتی زۆر زیاتری لە دەستدا ماوەتەوە و نازانێت چۆن لە بازاڕ ساغی بكاتەوە.
بەگوێرەی "
رادیۆ فەردا" كاتێك دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە، هەڕەشەی لە ئێران كرد كۆی هەناردەی نەوتەكەی بۆ سفر دادەبەزێنێت و لەو هەنگاوەشی تا ئاستێكی زۆر سەركەوتوو بووە چونكە ئێران كەمتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات لە كاتێكدا پێشتر سەرووی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی هەناردە دەكرد.
بۆ نموونە ئێران مانگی رابردوو رۆژانە 180 هەزار بەرمیلی هەناردە كردووە كە 138 هەزاری رەوانەی چین كردووە. ئێران ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت و پێی نافرۆشرێت، كۆگای دەكات.