ئێران داوایەكی ئەمەریكا رەت دەكاتەوە

:: PM:04:14:11/09/2019 ‌
كۆماری ئیسلامیی ئێران داوایەكی ئەمەریكا رەت دەكاتەوە بۆ كۆبوونەوەی بێ مەرجی نێوان دۆناڵد ترەمپ و حەسەن رووحانی. نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ، رووحانی پێداگیرە لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری.

كەمێك پێش ئێستە، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی پێشنیارێكی ئەمەریكای دایەوە بۆ كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بڕیارە لە بارەگای سەرەكی خۆی لە نیویۆڕك بەڕێوە بچێت.

مەجید تخت روانجی  نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی "ئێرنا"ـی وڵاتەكەی، دووپاتی لە هەڵوێستی سەرۆك كۆماری ئێران كردەوە و رای گەیاند، رووحانی ئامادە نییە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆببێتەوە تا ئەوكاتەی ئەمەریكا دەست لە تیرۆری ئابووری دژ بە ئێران هەڵنەگرێت.

زیاتر گوتی "چەند جارێك گوتوومانە كە هیچ هەلێك بۆ كۆبوونەوە و دانوستاندن لەژێر گەمارۆی ئابووری ناكەین كە ئەمەریكا بەسەر گەلی ئێرانی سەپاندووە، كاتێك گەمارۆ هەڵگیرا، دەكرێت قسە لەسەر دانوستاندن بكرێت لە چوارچێوەی وڵاتانی پێنج كۆ یەك پێوەند بە دۆسیەی ناوكی ئێران".

قسەكانی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كاتێكدایە شەوی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاماژەی بەوە دا كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئامادەیە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران بێ مەرجی پێشوەختە كۆ ببێتەوە.

دەستپێشخەرییەكەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكای دەركردووە، بەڵام پۆمپیۆ دووپاتی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی كردەوە كە بەردەوام دەبن لە هەڵمەتی گوشاری توند بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران.


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌