رەوتی سەدر روونكردنەوە لەسەر دەركەوتنی موقتەدا سەدر لەگەڵ خامنەیی دەدات

:: PM:04:16:11/09/2019 ‌
دوای دەركەوتنی موقتەدا سەدر لەگەڵ عەلی خامنەیی و قاسم سولەیمانی، سەركردەكانی رەوتی سەدر پێیان وایە ئەمە پرسێكی ئاساییە و سەدر پێوەندییەكی باشی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، حاكم زاملی سەركردە لە رەوتی سەدر رای گەیاند، دەركەوتنی موقتەدا سەدر لە ماتەمینی ئیمام حوسێن لە تاران لە نێوان عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئێران و قاسم سولەیمانی سەركردەی فەیلەقی قودس، پرسێكی زۆر ئاساییە، گوتی "موقتەدا سەدر پێوەندییەكی باشی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ هەیە و هەمووان رێزی لێ دەگرن بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانییەكانی".

هاوكات ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون رەتی كردەوە كە سەدر لەگەڵ خامنەیی و سولەیمانی تاوتوێ گۆڕینی بنەماكانی یاریان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق كردبێت، گوتی "هەموو گفتوگۆكانی سەدر لەگەڵ سەركردەكانی وڵاتانی دراوسێ لەسەر سێ بنەما بووە، ئەوانیش رێزگرتن لە دراوسێیەتی و پاراستنی سەروەری و پتەوكردنی پێوەندی نێوان گەلانی ئەو وڵاتانە".

زیاتر گوتی "سەردانی ئەمجارە سەدر بۆ ئێران، سەردانێكی سیاسی نییە و پێوەندییەكانیش لەسەر بنەمای وێنە بونیاد نانرێن".

پێوەند بە دەركەوتنی سەدر لەگەڵ خامنەیی و سولەیمانی، چاودێرانی دۆخی عێراق پێیان وایە ئامانج لە سەردانەكەی سەدر گۆڕینی بنەمای یارییەكانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقە دوای ئەو نزیكبوونەوەیەی لەگەڵ هەندێك وڵاتانی عەرەبی، بەڵام پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیروون ئەوە رەت دەكاتەوە دەڵێ، سەدر هیچ رێككەوتنێكی سیاسی نهێنی لەگەڵ هیچ لایەنێك نییە، گوتی "سەدر باوەڕی بە پڕۆژەی عێراق و بەرژەوەندی گەلەكەی هەیە و لەسەر ئەمەش پاشەكشە ناكات".
 
جێی باسە ماوەی هەفتەیەك زیاترە موقتەدا سەدر بە سەردانێكی فەرمی بەرەو ئێران رۆیشتووە، شەوی رابردووش میدیاكانی ئێران بە گرنگەوە وێنەی موقتەدا سەدریان بڵاو كردەوە كە لە نێوان خامنەیی و قاسم سولەیمانی دەركەوتووە.

سەردانەكەی سەدر لە كاتێكدایە دۆخی ناوخۆی عێراق زۆر ئاڵۆزە و گوشارەكانی بۆ سەر حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی تا دێت زیاتر دەبن، وێڕای هەبوونی چەندان دۆسیەی ئاڵۆز لەوانەی كێشەكانی حەشدی شەعبی و بەڵێنەكانی حكوومەت و كارنامەكەی و بوونی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی عێراق.


وشە - فه‌رمان سادق