گوتەبێژی حكوومەت: پێش زستان نەوت دابەش دەكرێ‌ و كێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا یەكلا دەكەینەوە

د.جووتیار عادل گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان- فۆتۆ/ زریان ته‌ها
:: PM:04:44:11/09/2019 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، بۆ چارەسەری كێشەی بودجە سەردانی بەغدا دەكەین و لە پێش زستانیش نەوت دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، دوابەدوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران د. جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەكی ڕۆژنامەوانی گوتی، لەسەر بودجە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەین و ئامانجیش لە چوونی شاندی حكوومەت بۆ بەغدا یەكلاكردنەوەی پرسی بودجەیە.

ڕوونی كردەوە كە لەبارەی سەرژمێری لیژنەیەك پێكهێنراوە و هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە دەبێت مادەی 140 جێبەجێ‌ بكرێ‌ ئینجا سەرژمێری بكرێ‌. دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن دەكات بەمەرجێك سازش لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان نەكرێ‌.

گوتەبێژی حكوومەت گوتی، لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە كە قوتابخانەكان نۆژەن بكرێتەوە و پاڵپشتی هەنگاوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانیستیش دەكەن.

لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپیش د. جووتیار گوتی، پێش هاتنی وەرزی زستان دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێ‌ و چەندان ملیۆن لیتر ئامادە كراوە بۆ دابەشكردن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم