عاشوورا.. بۆنەیەكی ئاینی رەخسێنراو بۆ مەبەستی سیاسی

عاشوورا
:: PM:05:16:11/09/2019 ‌


عاشوورا كە بۆنەیەكی پیرۆزی ئاینی ساڵانەیە و لە سەرانسەری دنیا زیندوو دەكرێتەوە و دەقە ئاینییەكان باسیان كردووە و هانی یادكردنەوەیان داوە، بەڵام ئێران بۆ ورووژاندنی دەماری مەزەوی شیعە بۆ مەبەستی سیاسییانە بەكاری دێنێت لە بەرانبەر وڵاتانی سوننە مەزەو و بەوەش تایفەی شیعە دەكاتە ئەسپی تەروادە بۆ تێپەڕاندنی ئەجینداكانی.  

ساڵوەگەڕی كوژرانی ئیمام حوسێن كوڕی ئیمام عەلی ساڵانە مووسڵمانان بە هەموو مەزەو و تایفەكانی زیندووی دەكەنەوە وەك بۆنەیەكی ناخۆش، بەڵام گۆڕینی بۆنەكە لە بۆنەیەكی ئاینییەوە بۆ سیاسی و تایبەتكردنی بە تایفەیەكی دیاریكراو و تۆمەتباركردنی تایفەكانیتر بە ئەنجامدانی تاوانی ناو رووداوەكە و بەستنەوەی بە ئێستەی تایفە و وڵاتانی هەن، بەرجەستەی بوونی دەست و مەبەستێكی سیاسی لەپشتەوەی دەكات كە هەوڵی سوودبینین لە رووداوەكە بۆ بەرژەوەندی ئایدۆلۆجی و سیاسی دەدات و بەوەش ئێران دەیەوێت بۆ شەقكردنی ریزی موسڵمانان سوودی لێ وەربگرێت. 

دوێنێ و پێرێ ملیۆنان موسڵمان لە سەرانسەری دنیا ساڵوەگەڕی كوژرانی ئیمام حوسێنیان بەر لە 14 سەتە كردەوە كە ئەم رۆژە بۆ موسڵمانان دوور لەو رووداوە پیرۆزییەكی تری هەیە پێش كوژرانی ئیمام حوسێن، بۆیە مووسڵمانان بەگشتی یادی دەكەنەوە، بەڵام یادكردنەوەی لای سوننە جیاوازە و لای شیعە زیاتر یادكردنەوەكە بە كوژرانی ئیمامی حوسێنەوە بەستراوەتەوە و بووەتە بەشێك لە كولتووری وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی لە ئێران و عێراق و لبنان و یەمەن و پاكستان و بەحرێن و هیندستان كە زۆرینەیەكی تایفەی شیعەی تیادایە.

رێوڕەسمی یادكردنەوەكە چەند شێوەیەكی لەخۆدان بەدەست و بە ئامرازی برینداركەری جیاواز تا رادەی سوودوەرگرتن لەو هەستە خەمباری و پەشیمانییەی ئەوان هەیانە و جۆشدان بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی لەوانەی هۆكاری رووداوەكەن، بۆیە لە 1979 كە شۆڕشی نوێی ئێران بە رابەرایەتی گەورە پیاوی ئاینی شیعە ئیمام خومەینی هەڵگیرسا، ئەو وڵاتە كاری بۆ بەكارهێنانی ئەو بۆنەیە كرد بۆ جێبەجێكردن و تێپەڕاندنی ئەجینداكانی كە خزمەت بە ئایدۆلۆجیای تایبەتی خۆی دەكەن، بەشێكی بریتییە لە جۆشدان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە سوننە و چەسپاندنی پرەنسیپی تۆڵەسەندنەوە لەناو مێشكی تاكی شیعە و نوێكردنەوەی رق و دروستكردنی رقلێبوونەوە. 

فارووق یووسف نووسەری عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، شتێكی كتوپڕە كە زیندووكردنەوەی بۆنەی كوژرانی ئیمام حوسێن ببێت بە بۆنەیەك بۆ كەمكردنەوەی مرۆڤ بۆ بەهای خۆی و ئەوەش لەلایەن رژێمێكی شموولی وەك ئێران بێتە بەكارهێنان بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری مردن، هەرئەوەشە وەك گوشارێكی دەروونی لەلایەن حزبوڵا و میلیشیا شیعەكانەوە لە عێراق لە رێگەی رێپێوانی جەماوەری ماتەمینی بەكاردەهێنرێت كە تیایدا ژیانی ئاسایی بۆ ماوەی 40 رۆژ پەكی دەكەوێت و كردنی ئەو رێوڕەسمە بە بۆنەیەكی ساڵانە كە پارەیەكی زۆری تیادا بەهەدەر دەدرێت و خەڵكەكە لە كاركردن و لە بیركردنەوەش دەوەستێت.

لە ئێران ئاپۆڕای جەماوەری شیعە رێپێوانێكی چەند ملیۆنیان لە مەزاری ئیمام عەلی رەزا لە مەشهەد ساز كرد، لە عێراقیش لە زۆرینەی شارەكان بەتایبەتی لە كەربەلا لای مەزاری ئیمام حوسێن كردبوونەوە و رێپێوان كرا، بەشداران ئاڵای رەنگاورەنگ و جلی رەشیان پۆشی و خەڵكەكەش بەدەست و زنجیری ئاسن و چەقۆ و تەور لەخۆیان دەدا، ئەو رێورەسمە توركیا و لبنان گرتەوە.

ئەگەرچی ئەو بۆنە مۆركێكی ئاینی پێوە بووە بەو پێیەی ئەوەی كوژراوە نەوەی پێغەمبەری ئیسلامە و لای هەموو موسڵمانان رووداوێكی ناخۆشە، بەڵام سەفەوییەكان لەكاتی بوونی ململانێیان لەسەر دەسەڵات و فرەوانخوازی لەگەڵ عوسمانییەكان ئەو بۆنەیان بەكار هێنا بۆ جیاكردنەوەی ئاینی و جوان كاریان لەسەر جیاكردنەوە و لێككردنە دوژمنی سوننە و شیعە كرد، ئێستەیش ئێران ئەو بۆنە ئاینییەی كردووەتە سەكۆیەكی سیاسی و لە مینبەرەكانەوە بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری جیاكردنەوە و هاندانی گەل و وڵاتان بەكاری دێنن.  

هەریەك لە حزبوڵا و ئایەتوڵا عەلی خامنەیی بانگشەی ئەوە دەكەن كە نوێنەری ئیمام حوسێنن بۆ سوودوەرگرتن لە رووداوەكە بۆ كۆكردنەوەی شیعە و جۆشدان و هاندانیان بۆ پاڵپشتیكردنی هەڵوێستە سیاسییەكانیان و راكێشانی سۆزی ئەوان، لەو كاتەی ئیمان حوسێن ئاگەداری هەموو ئەو جەنگانە نییە كە بەناوی ئەوەوە دەكرێت.

یووسف ئاماژە دەكات، ئێران زیندووكردنەوەی بەو شێوەی رێورەسمە ئاینییەكان لەناو كۆمەڵگەكانی زۆرینەی شیعە دەكاتە بۆنەیەك و هەلێك بۆ چەسپاندنی بیرۆكەكانی لەبارەی رێپێوانە ماتەمینییەكانی كە پێشتر ئیمام خومەینی زیندیی دەكردنەوە و بە گرنگترین كۆڵەكەی مانەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانی دەزانی. بۆیە ئێران سوورە لەسەر بەكارهێنانی ئەو رێورەسمانە وەك رووكەش و رووخساری لە بەرانبەر دنیای سوننە كە بەدوژمنی خۆی دەزانێت، بەوەش هەوڵی پەردەپۆشكردنی شكستهێنانەكانیەتی لە بەڕێوەبردنی تەنگژەكانی كە بەرەو رێگەیەكی بێ گەڕانەوە بۆ ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵی دەدەن.

ئەو نووسەرە دووپاتی دەكاتەوە كە تاران شوێنگرەوەیەكی تری نییە كە بتوانێت پاڵپشتی بۆ جەنگەكانی كۆ بكاتەوە تەنیا بەوە نەبێت كە گرووپەكانی سەر بەخۆی بخاتە ناو دوو كەوانەی ستەملێكراوی ئالولبەیت و خۆی لەو سەردەمەی ئێستە، بۆیە هەموو ئامرازەكانی بۆ شۆردنەوەی مێشك بەكاردێنێت، بەشێوەیەك چەند بیرۆكەیەكی ئەفسانەیی و گەمانلێكراو شوێنی بیركردنەوەی ژیربێژیانە بگرێتەوە كە مرۆڤ وەك بەهای باڵا پێشان دەدات.   


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل