دوای پێنج ساڵ لە بێهۆشی.. شۆماخر پاڵەوانی فۆرمێلا بەهۆش هاتەوە

مایكل شۆماخر
:: PM:06:14:11/09/2019 ‌
مایكل شۆماخر پاڵەوانی فۆرمێلا وەن بۆ ئۆتۆمبێل، پاش پێنج ساڵ لە بێهۆشی و مانەوە لە نەخۆشخانە و چاودێری چڕ، بەهۆش دێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11 ئەیلوول، بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەكان، مایكل شۆماخر پاڵەوانی جیهانی پێشبڕكێی فۆرمێلا وەن بۆ ئۆتۆمبێل، بەهۆش خۆی هاتووەتەوە.

رۆژنامەی "لوباریزیان"ـی فڕەنسی بڵاوی كردەوە كە شۆماخر (50 ساڵان) ئێستە بەهۆش هاتووەتەوە و هەست بەوە دەكات كە چی لە دەوربەری دەگوزەرێت، ئەمەش پاش وەرگرتنی چارەسەری تایبەت بە خانەكان لە نەخۆشخانەیەكی پاریس.

رۆژنامەكە لە زاری نەخۆشەوانێكی كارامە زانیارییەكانی بڵاو كردووەتەوە كە لە نەخۆشخانەكەدا كار دەكات، گوتی "دەتوانم پێتان بڵێ م كە ئۆماخر ئێستە بەهۆش خۆی هاتووەتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەكان لە نەخۆشخانەكەی پاریس، تیمی پزیشكان خانەی (Stem Cells)ـیان بۆ جەستەی شۆماخر گواستووەتەوە كە بەرپرسە لە چارەسەری نەخۆشی درێژخایەن و پێكانی زۆر مەترسیدار.

پێنج ساڵ پێش ئێستە، شۆماخر، لە كاتی بەسەربردنی پشووی زستانەدا لەسەر چیای ئەلب لە فڕەنسا، لە كاتی ئەنجامدانی یاری خلیسكان لەسەر بەفر،  دووچاری برینێكی زۆر مەترسیدار پاش ئەوەی كەللەی سەری بەر گاشە بەردێكی گەورە كەوت، دەستبەجێ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و تا ئێستە بێ هۆشە.

رۆژنامە فڕەنسییەكە دەڵێ، چاوەڕوان دەكرێت شۆماخر هەر ئەمڕۆ نەخۆشخانە فڕەنسییەكە جێ بهێڵێت.

شۆماخر لە ساڵی 1969 لەدایكبووە و ساڵی 1984 دەستی بە پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل لەسەر ئاستی ئەڵمانیا كردووە، پاشان لەسەر ئاستی ئەوروپا نازناوی بەدەستهێناوە.

ساڵی 1991 بەشداری یەكەم پێشبڕكێی فۆرمێلا وەنی لەسەر ئاستی جیهان كردووە و یاریزانی تیمی مارسێدیز بێنزی ئەڵمانییە و پێش ئەویش بۆ هەردوو تیپی فیراری و بینیتۆن یاری كردووە.

لە ماوەی ژیانیدا بەشداری 308 پاڵەوانیەتی كردووە لەسەر ئاستی جیهان، حەوت پاڵەوانیەتی بردۆتەوە و 91 جاریش لە پێشبڕكێیەكان براوەی یەكەم بووە و 155 جاریش چووەتە سەر شانۆی براوەكان، یەكەم پاڵەوانیەتی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان ساڵی 1992 لە بەلجیكا بەدەست هێنا و دواجا ركە بووەتە پاڵەوان ساڵی 2012 بووە.










وشە - فه‌رمان سادق