حەشدی شەعبی رێگە لە پەرلەمانتارێكی كورد و جێگری پارێزگاری نەینەوا دەگرن

:: PM:09:02:11/09/2019 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم هێزێكی حەشدی شەعبی لە یەكێك لە بازگەكانی پارێزگای نەینەوا رێگەی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری كورد لەسەر پارێزگای نەینەوا و سیروان رۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا دەگرن و دەستدرێژی دەكەنە سەر ژمارەیەك لە پاسەوانەكانیان. 

وەك لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی پەرلەمانتار شێروان دووبەردانیدا هاتووە، كاروانی هاوبەشی ئۆتۆمبێلەكانی دووبەردانی و رۆژبەیانی لەلایەن هێزێكی لیوای 30 حەشدی شەعبی لە بازگەی كۆكجەلی دووچاری دەستدرێژی هاتەوە.

زیاتر هاتووە، ئەو دەستدرێژییە پێشێلكردنی دەستوورە، بەتایبەتی كاتێك پەرلەمانتار پارێزبەندی هەیە و دەستدرێژیكردنە سەر كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی جێگری پارێزگاریش سووكایەتیكردنە بە یاسا و دەستوور. بۆیە ئەوەی ئەندامانی لیوای 30ی حەشدی شەعبی پێی هەڵساون پێشهاتێكی مەترسیدارە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و رێوشوێنی یاسایی لەدژی ئەنجامدەرانی وەربگیرێت.

لەو رووداوەی ئەمڕۆ چوار لە پاسەوانەكانی كاروانەكە رفێنراون و دەستدرێژی كراوەتە سەریان و لێیان دراوە و سووكایەتی و قسەی ناشیرینیان پێ گوتراوە و دوای دوو سەعات ئازاد كراون، دووپاتی كردەوە كە تا ئێستەیش هۆكاری رووداوەكەو نەزانراوە كە ئاخۆ پەیامێكە بۆ ئەو دوو بەرپرسە كوردە یان هەوڵێكە بۆ ترساندنیان.

لای خۆیەوە سیروان رۆژبەیانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، لەكاتی گەڕانەوەمان بۆ مووسڵ لە بازگەی پێش كۆتایی چەكدارانی حەشدی شەعبی سەر بە لیوای وەعد قەدۆ و سوپای عێراق رێگەیان لە دوایین ئۆتۆمبێلی كاروانەكە گرت و ویستیان چەند پاسەوانێك بگرن، بۆیە تەقەیان لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكان كرد.

زیاتر گوتی، چوار پێشمەرگە كە پاسەوان بوون گیران دووچاری ئەشكەنجە و سووكایەتی بوونەوە، بەڵام دوای هەوڵێكی زۆر و هەڕەشەی هەڵوێستوەرگرتن ئازاد كران، دووپاتی كردەوە، هۆكاری ئەو رێگرییە بۆ ئەوەیە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، كاری باشیان لە نەینەوا كردووە و خەڵك پێشوازی گەرمیان لێ دەكات و حەشد رەت دەكەنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل