ئینتفاز قەنبەر: تا ئێران لاواز نەبێت هیچ سەركردەیەكی عێراقی ناتوانێ بەڕووی بوەستێتەوە

ئینتفاز قەنبەر
:: PM:09:35:11/09/2019 ‌

ئینتفاز قەنبەر سیاسەتوانی ناوداری عێراقی ئاماژە دەكات كە سەرانی شیعەی عێراق ناتوانن لە بازنەی ئێران بچنە دەرەوە و ئەگەریش دووربكەونەوە هەر لەناو بازنەكە دەمێننەوە و ئەگەریش زۆر دووربكەونەوە رەنگە دووچاری چارەنووسی ترسناك ببنەوە، دووپاتی كردەوە كە تا ئێران لاواز نەبێت هیچ سەركردەیەكی عێراقی ناتوانێ بەڕووی ئێران بوەستێتەوە.

موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر لە هەینی رابردووەوە سەردانی ئێرانی كردووە و دوێنێش لە پرسەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لەپاڵ عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بەشدار بوو، ئەوەش قسە و باسی زۆری لەسەر دروست كرد بەوەی تا ئێستە نەیاری دەسترۆیشتوویی ئێران بووە لە عێراق.

ئینتفاز قەنبەر سەركردەی پارتی موستەقبەل كە لە واشنتن دادەنیشێت لەبارەی سەردانەكەی سەدر و ئەو وێنانەی بڵاو بوونەتەوە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، موقتەدا سەدر وەك سەركردەیەكی گرنگی سیاسی و ئاینی شیعە پێویستە پێوەندی لەگەڵ ئێران هەبێت وەك وڵاتێكی دراوسێی عێراق.

زیاتر گوتی، هەردوو گەلی عێراق و ئێران دووژمنی یەك نین و چەندان پێوەندیان بەیەكەوە هەیە وەك ئاین و مێژوو و كۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش، ئێمە دەزانین كە سەدر ناتوانێت لە چوارچێوەی پێوەندییەكانی ئێران بچێتە دەرەوە تا ئەوكاتەی فەرمانڕەوایی لە ئێران دەسەڵاتی گەورەی لەناو عێراقدا هەبێت.

قەنبەر روونی كردەوە، سەرانی شیعەی عێراق ناتوانن لە بازنەی ئێران بچنە دەرەوە و ئەگەریش دووربكەونەوە هەر لەناو بازنەكە دەمێننەوە و ئەگەریش زۆر دووربكەونەوە رەنگە دووچاری چارەنووسی ترسناك ببنەوە كە هەڕەشەیان دەخاتە سەر، بۆچوونێك هەیە بەوەی سەید محەمەد سەدڕ باوكی موقتەدا سەدر بەدەستی هەواڵگری عێراق نەكوژراوە وەك باس دەكرێت، بەڵكو بەدەستی بەكرێگیراوانی ئێران كوژراوە، چونكە داوای حەوزەی عەرەبی دەكرد.

ئەو سیاسەتوانە ئاماژەی كرد، رەنگە هەر ئەوە بێت بەخەیاڵی موقتەدا سەدر بێت و بچێت لە پێوەندی لەگەڵ ئێران، ئێمە وا دەخوازین سەدر پەیامێكی گەلی عێراقی بۆ بەرپرسانی ئێران پێ بێت بەوەی خۆسەپاندن بەسەر عێراق و دەستوەردان لە كاروباری و هەڕەشەكردن لە سەروەرییەكەی بەس بێت، چونكە ئەگەر حكوومەتی ئێران لاواز نەبێت، ناتوانین بەكردەنی سەركردەیەكی عێراقی ببینین بتوانێت بەرووی ئێران بوەستێتەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 26 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌