وشە وردەكاریەكەی بڵاودەكاتەوە.. كێن ئەوانەی لە لیستی سزاكانی ئەمەریكان

:: PM:09:59:11/09/2019 ‌

ماوە ماوە وەزارەتی دارایی ئەمەریكا لیستێك ناوی كەسایەتی و كۆمپانیا بڵاودەكاتەوە كە سزا دراون بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوونیان بە گروپە تیرۆریستییەكان، لە نوێترین زانیاریشدا ستیڤن مەنۆچن وەزیری دارایی ئەمەریكا ناوی ژمارەیەك كەسایەتی و كۆمپانیای بڵاوكردەوە.


وەزارەتی دارایی ئەمەریكا لیستێكی تری ناو سزادراوانی راگەیاند، لیستەكە سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، سوپای پاسداران، داعش، قاعیدە و حزبوڵای لبنانی تێدایە، هاوكات چەندان كۆمپانیای حەواڵە و بانكیشی تێدایە كە تۆمەتبارن بە گواستنەوەی سەرمایەی گروپە تیرۆریستەكان.


فەڵەستینییەكانی لیستی سزادراوەكان:

1- نور والی:

نور والی، بە موفتی نور والی ناسراوە و سەركردایەتی لقی تاڵیبان لە پاكستان دەكات.

2- مەروان عیسا:

مەروان عیسا، جێگری كەتایبی عزەدین قەسامە كە باڵی جێبەجێكاری بزووتنەوەی حەماسە.

3- محەمەد ئەلهندی:

محەمەد ئەلهندی، جێگری ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینییە.

4- بەها ئەبو عەتا:

بەها، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینییە و سەركردەی كەتیبەی غەزە و كەتیبەی باكورە لە لیوای قودس.


سەركردەكانی حزبوڵای لیستی سزادراوان:

5- عەلی كركی:

عەلی، سەركردەی دیاری ئەنجوومەنی جیهادە لە حزبوڵا، سەركردەی سەركردایەتی باشوورە و بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی باشووری لبنان.

6- محەمەد حەیدەر:

سەركردەی دیاری ئەنجوومەنی جیهادە لە حزبوڵا، سەرۆكی نووسینگەی 113یە كە كۆمەڵێك تۆڕ لە دەرەوەی لبنان بەڕێوە دەبات و كەسێكی زۆر نزیكبوو لە عیماد مغنیە كە ئێستە لە ژیان نەماوە. محەمەد حەیدەر ساڵی 2004 ئەندامی پەرلەمانی لبنان بووە.

7- فواد شاكر:

ئەندامی دیاری ئەنجوومەنی جیهادە لە حزبوڵا، سەرپەرشتی یەكەكانی حزبوڵا لە سووریا دەكات و راوێژكاری باڵای سەربازی حەسەن نەسروڵایە و رۆڵی كاریگەری هەبوو لە كردنە ئامانجی هێزی دەریاوانی ئەمەریكی لە بەیروت كە بەهۆیەوە 241 سەربازی ئەمەریكی كوژران.

8- ئیبراهیم عەقیل:

یەكێكە لە گەورە ئەندامانی ئەنجوومەنی جیها دلە حزبوڵا و سەركردەی ئۆپراسیۆنەكانە.


سەركردەكانی داعش

9- حاجی تەیسیر:

یەكێكە لە سەركردە گەورەكانی داعش و راپۆرتەكانی راستەوخۆ دەداتە ئەبوبەكر بەغدادی و سەرپەرشتی عێرراق دەكات و بەرپرسە لە بۆمبە تەقیوەكانی سەر رێگاكان و شارەزایە لە دروستكردنی ئەو بۆمبانە.

10- ئەبو عەبدوڵا بن عومەر برناوی:

ئەمیری داعشە لە رۆژئاوای ئەفریقیا و پێشتر چالاكوانێكی دیار بووە لە بۆكۆ حەرام.

11- حەتیب حجان سوادجان:

ئەمیری داعشە لە فلیپین، داڕێژەری پیلانی هێرشەكەی 27ـی یۆلیۆی 2019یە بۆ سەر كەنیسەی جۆلۆ سیتی كە بەهۆیەوە 23 كەس گیانیان لەدەستدا و 109ـی تریش زامدار بوون.


سزادراوانی قاعیدە:

12- حراسەدین:

گروپێكی جیهادی سەر بە قاعیدەن ساڵی 2018 لە سووریا خۆیان ناساند، دوای جیابوونەوەیان لە دەستەی تەحریری شام.

13- فاروق سوری:

هاووڵاتییەكی سوورییە و بە ئەبو هومام شامی ناسراوە، سەركردەی گروپی حراسەدینە و پێشتریش سەركردەی بەرەی نەسرە بووە.


14- محەمەد سەعید ئازادی:

كەسایەتییەكە لە لبنان دادەنیشێت و سەرۆكی نووسینگەی فەڵەستینە و ئەركی دابینكردنی پاڵپشتی دارایی و ئابووری و تەكەنەلۆجییە بۆ حەماس.

15- زاهیر جبارین:

لە توركیا نیشتەجێیە و سەرۆكی نووسینگەی دارایی حەماسە، ئەو كەسە بودجەی ساڵانەی حەماس بە ملیۆنان دۆلار بەڕێوە دەبات. بەرپرسە لە دەستخستنی سەرمایە و كۆمەكی دارایی بۆ حەماس لە سەرتاسەری دنیا.


16- ردین بۆ ئاڵوگۆڕی دراو

ئەو كۆمپانیایە پشتگیرییەكی دارایی باشی حەماسی كردووە و بارەگاكەی لە توركیایە. محەمەد سرور یەكێك لەو كەسایەتییانەی كە كۆمەكی حەماس دەكات، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ كەتایبی عزەدین قەسام رەوانەی فەڵەستین كردووە.

ئەو كۆمپانیایە لە ناوەڕاستی 2018 تا ئێستەشی لەگەڵ بێت بووەتە كۆمپانیایەكی باوەڕپێكراوی حەماس كە ئاڵوگۆڕی دراوی پێ دەكات.


17- ئیسماعی تاش:

بەرپرسی كۆمپانیای ردینە و جێگری سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیایەكە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆمپانیایەكە.


18- كۆمپانیا سمارت:

ئەو كۆمپانیایە ئیسماعیل تاش خاوەنیەتی و لە توركیایە، كۆمپانیایەكی هاوردە و هەناردەیە و وەك رووی دەرەوەی كۆمپانیای ردین كاردەكات.



19- كۆمپانیای ساكسوك بۆ ئاڵوگۆڕی دراو:

ئەو كۆمپانیایە پشتگیری دارایی و خزمەتگوزاری پێشكەش بە داعش كردووە، لقی لە سووریا و توركیا و لبنان هەیە.

20- ئەحەرم بۆ ئاڵوگۆڕی دراو:

ئەمەش دامەزراوەیەكی تری داراییە كە ئەركی دابینكردنی پشتگیری دارای و هونەرییە بۆ داعش، تەنانەت پێویستشی بۆ دابین دەكات لەسەر خواستی داعش. ئەو كۆمپانیایە بەشداری چەندان چالاكی داعشی كردووە لە گواستنەوە پارە لە سووریا بۆ توركیا، لەوێشەوە بۆ بەلجیكا.

21- ئەلخالدی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو:

لە مانگی ئەیلوولی 2017، ئەو كۆمپانیایە بووە بە بەشێك لە داعش و وەك نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵە ئیشی بۆ داعش كردووە.

كۆمپانیایەكە لە سووریا و غازی عەنتاب لە توركیا و لە عێراقیش نووسینگەی هەبووە.

لە 2016، ئەو كۆمپانیایە یەكێك بووە لە گرنگترین نووسینگەكانی گواستنەوە و حەواڵەی داع شلە ناوچەكەدا.

22- ئەلهیبۆ بۆ خشڵ:

ئەمەش یەكێكی ترە لەو كۆمپانیایانەی كۆمەكی داعشی بە پارە و خزمەتگوزاری تر كردووە، نووسینگەكەی لە توركیایە و بەوە تۆمەتبارە كە پیلانی داناوە بۆ حەواڵە كردنی پارە بۆ گروپە تیرۆریستییەكانی داعش لە عێراق و سووریا.

23- محەمەد هیبۆ:

محەمەد هیبۆ ئەو كەسەیە بۆ بەرژەوەندی داعش كاری كردووە و تا كۆتاییەكانی 2016 لە توركیا نیشتەجێ بووە، بەشدار بووە لە كڕینی پێویستی بۆ داعش.

24- محەمەد ئەمین:

یارمەتی داعشی داوە بە پارە و هەندێك خزمەتگوزاریشی پێشكەش بە داعش كردووە لە خۆراسان و هانی خەڵكیشی داوە بچنە ریزی داعش.

محەمەد ئەمین، داوای لە هاووڵاتییەكی ماڵدیڤی كردووە بچێتە ئەفغانستان و ریزی داعش، پێی گوتووە مانگانە مووچەكەی 700 دۆلارە. ئەو لە ساڵی 2019ەوە لە دوورگەیەكی ماڵدیڤ نیشتەجێیە و كەسێكی چالاكی داعشە.

25- محەمەد ئەحمەد سەید ئەحمەد ئیبراهیم:

لە بەڕازیل بۆ بەرژەوەندی قاعیدە كاری كردووە بە شێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ.

26- ئەلمایدا مەرانی سالفین:

سالفین، كۆمەكی دارایی و پارەی بە داعش داوە و خزمەتی داعشی لە فلیپین كردووە. ساڵی 2019 لە شاری زامبوانجای فلیپینی دەگیردرێت پاش ئەوەی گومانی لێدەكرێت تێوەگلا بێت لە دروستكردن، فرۆشتن، هەناردەی كەلوپەلی تەقەمەنی بۆ داعش.

سالفین بەپێی لێكۆڵینەوەكانی دەسەڵاتدارانی فلیپین، دەركەوتووە خێزانی یەكێك لە سەركردەكانی داعشە و مامەڵەی دارایی و كڕین و گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بۆ داعش كردووە و یارمەتیدەریش بووە لە هێنانە ریزی خەڵك بۆ ناو داع شلە فلیپین.

27- محەمەد عەلی سەید:

بەشداربووە لە راهێنانی پێوەندار بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە دیمانەیەكیشدا كە مانگی ئۆكتۆبەری 2018 لەگەڵی ئەنجامدراوە، باس لە گەشتی بۆ ناو داعش دەكات و دەڵێ، ئەو شاری تۆرنتۆی بەرەو بەڕازیل جێهێشتووە بۆ پەیوەندی كردن بەداعش و لەوێوە فێری چۆنیەتی بەكارهێنانی چەكی بچووك بووە و راهێنانی لەسەر چەكی قەناس كردووە.

 



وشە - فه‌رمان سادق