تەقینەوەی بۆمبێک لە خورماتوو شەش قوربانی لێ کەوتەوە

:: AM:10:58:12/09/2019 ‌

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری گوندی یەنگیچەی سەر بە شارۆكەی خورماتوو تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بووە هۆكاری برینداربوونی شەش منداڵ.


ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئەیلوول، ئەرسەلان عەلی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق كاری رژدی نەكردووە بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون.

زیاتر روونی دەکاتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە كاتێكدا لە ناوچەی یەنگیچەی سنووری شارۆكەی خورماتوو كۆمەڵێک منداڵ یاری دەكەن، بۆمبێكی چێنراویان پێدا تەقییەوە و شەش منداڵ بریندار بوون.

حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو بۆ "وشە" ئاشکرای کرد، بۆمبەكە نوێ نەبووە و پێشتر چێنراوە و بەهۆی تەقینەوەی شەش منداڵ بریندار بوون کە برینی یەک لە منداڵەکان سەختە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان