هاووڵاتییانی خانەقین بەهۆی بێمتمانەیی بە هێزە تەناهییەکان چەکیان هەڵگرتووە

:: PM:03:37:12/09/2019 ‌

هاووڵاتییانی خانەقین بەهۆی نەبوونی متمانە بە هێزە تەناهییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکیان هەڵگرتووە و قایمقامی شارۆكەكەش دەڵێ، داوای ریشەكێشكردنی دەكەین و بەفەرمیش پارێزگای دیالەمان لە دیارەدەكە ئاگادار كردۆتەوە.

ئەمیر عەلی، چالاكوانی مەدەنی خانەقین بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، دیاردەی هەڵگرتنی چەك لە خانەقین پەرەی سەندووە و لە هەموو جێگەیەك و لە فەرمانگە حكوومییەكانیش بە ئاشكرا بەدی دەكرێ.

زیاتر روونی دەکاتەوە، جگە لە كارمەندانی هێزە تەناهییەكان، فەرمانبەران و خەڵكی ئاساییش لە فەرمانگە و شوێنە گشتییەكاندا چەك هەڵدەگرن.

"خراپی دۆخی تەناهی شارۆكەكە وای كردوە پەنا بۆهەڵگرتنی چەك ببرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دیاردەكە بۆتە چاولێكەری كە یاسا سەروەر نیە" ئەمیر عەلی وای گوت.

چەند فەرمانبەرێكی ئافرەت لەخانەقین "وشە"یان ئاگادار كردەوە، ترسیان لێ نیشتووە كە دەمانچە دەبینن لەسەر جل وبەرگی فەرمانبەر و هاووڵاتیان،چونكە لە بچوكترین ناكۆكی و دەنگەدەنگدا مەترسی هەیە بە چەك روبەڕووی یەكتر ببنەوە.

محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی شارۆكەی خانەقین بۆ "وشە" جەختی لەسەر پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە كردەوە باسی لەوەیش كرد، هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ رێگری لەو دیاردەیە.

بە هۆی ئەوەی هێزە تەناهییەكانی سەر بە حكوومەتی عێراق و پارێزگای دیالە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دۆسیەی تەناهی ناوچەكەیان گرتۆتە دەست، قایمقامی خانەقین، باسی لەوە كرد، بەهۆكاری پەرەسەندنی دیاردەكە ئێمە لەسەر داوای ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین، پارێزگاری دیالەمان بە نووسراوی فەرمی ئاگادار كردۆتەوە چارەسەرێك بۆ ئەو دیاردە ناشارستانییە دانێن.

خانەقین، شارۆكەیەكی كوردستانی هاوسنووری كۆماری ئیسلامی ئێران و ئیدارەی گەرمیانە و نزیكەی95%ی دانیشتووانی كوردە، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 وە لەلایەن حكوومەتی عێراق و پارێزگای دیالە بەڕێوە دەبرێت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان