پەیامێكی تری ئێران گەیشت.. حوسییەكان بەرهەمی نەوتی سعوودیە پەك دەخەن

:: PM:09:25:14/09/2019 ‌

ئەمڕۆ شەموو گرووپی حوسییەكانی یەمەن كە بریتین لە شیعەكانی یەمەن و نزیك لە ئێران كە پاڵپشتی چەك و تفاقی سەربازیان دەكات، ئەمڕۆ جارێكی تر هێرشیان كردە سەر ئامانجە ستراتیجییەكانی نەوتی سعوودیە و بەپێی زانیارییەكان توانوویانە بەرهەمی هەناردنی نەوتی سعوودیە كەم بكەنەوە.

وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ حوسییەكان هێرشیان كردە سەر دوو كارگەی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودیە یەكێكیان گەورەترین كاركەی پاڵاوتنی نەوتە لە دنیا و بەپێی سەرچاوەكان بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوتی سعوودیە بەهۆی هێرشكەوە كاری تێ كراوە، ئەو هێرشە كە پێش بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووی دا، ئاگری لە چەند ناوچەیەكی سعوودیە كردەوە و سێ سەرچاوەی ئاگەدار ئاماژەیان كرد كە دوای هێرشەكە بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوتی سعوودیە پەكی كەوتووە.

یەكێك لە سەرچاوەكان ئاماژەی كرد كە هێرشەكە كاری كردووەتە سەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە بۆ پێنج ملیۆن بەرمیلی رۆژانە كە دەكاتە نیوەی بەرهەمی ئێستەی ئەو وڵاتە، بەڵام باسی زیارتی نەكرد، لەوكاتەی دەسەڵاتدارانی سعوودیە ئاماژەیان بۆ ئەوە نەكرد ئاخۆ بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوتی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرشكەوە كاری تێ كراوە یان نا، بەڵام تەلەڤزیۆنی سعوودیە گوتی كە هەناردنی نەوت بەردەوامە. 

حوسییەكان لای خۆیان ئاماژە دەكەن كە دەیان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەو هێرشە بەشداریان كردووە، كە هێرشەكە بۆ سەر گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتە لە دنیا، لەو كاتەی كۆمپانیای ئارامكۆی سەر بە دەوڵەتی سعوودیە خۆی بۆ خستنەڕووی پشكەكانی ئامادە دەكات.

لای خۆیەوە بۆب مەكنالی سەرۆكی گرووپی راپیدان بۆ وزە رای گەیاند، هێرشێكی سەركەوتوو بۆ سەر بەقیق، دەبێتە نۆرەی دڵ بۆ بازاڕی نەوت و ئابووری دنیا، لەوكاتەی گوتەبێژ بەناوی حوسییەكان رای گەیاند كە هێرشەكانیان فرەوانتر دەكەن، قاسم سلێمانی فەرماندەی قەیلەقی قودس لە تویتێك كە مۆری هاشتاگی ئارامكۆی لەخۆ گرتبوو ستایشی خۆراگری حوسییەكانی یەمەنی كرد، وەك ئاماژەیەك بۆ جەنگی بەوەكالەتی ئێران و سعوودیە لە یەمەن.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 161 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌