داعش لەسەر رێگەی خورماتوو بازگە دادەنێت و قوربانی هەیە

:: PM:11:53:14/09/2019 ‌

 ئەمشەو چواردەی ئەیلوولی 2019 چەكدارانی داعش هاتنە سەر رێگەی خورماتوو بۆ بەغدا و بازگەیان دانا، پاشتر رووبەڕووی هێزە عێراقییەكان و شۆفێران بوونەوە، بەپێی زانیارییەكان بریندار لە شۆفێر و ئەندامانی حەشدی شەعبی هەیە داعش كوژراوی هەبێت.

 عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی خورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەعات 9 تا دوای سەعات 10ی ئەمشەو، چەكدارانی داعش هاتنە سەر رێگەی كەركووك بۆ بەغدا بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی و رفاندنی شۆفێران.

زیاتر گوتی، چەكدارەكان ماتۆرسكیلیان پێ بووە و ماوەیەك رێگەكەیان داخستووە، پاشتر هێزە عێراقییەكان رووبەڕوویان بوونەتەوە،  بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو دووپاتی كردەوە، زیانی چەكدارانی داعش نەزانراوە، بەڵام شۆفێرێك و چەكدارێكی حەشدی شەعبی بریندارن.

 شایەتحاڵێكی رووداوەكە بەناوی جەزا حەسەن بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە بە ئاستەم دەربازیان بووە لەدەستی داعش، شۆفێرێكی خەڵكی بەسرە بەناوی (عەباس جاسم) و چەكدارێكی حەشدی شەعبیش بەناوی (محەمەد حوسێن)، بریندارن رەوانەی نەخۆشخانەی خورماتوو كراون.

 هاوكات باس لەوە دەكرێ كە داعش چەكداری خۆی خستووەتە نێَو ماتۆرسكیلەوە بە راكشاوی، بەڵام نەزانراوە كوژراویان هەیە یان بریندار، لەوكاتەی چەكدارانی داعش نزیكەی 12 كەس دەبوون و پێنج ماتۆرسكیلیان پێ بووە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل