ڕۆزە رواندزی زۆرجار لەگەڵ تابلۆكانی دەدوێ

:: PM:07:03:15/09/2019 ‌
كنێر حوسێن عوسمان ناسراو بە "ڕۆزە ڕواندزی"، هەرچەندە بەشی كارگێڕی كاری تەواو كردووە، بەڵام لە هونەری شێوەكاریدا دەستڕەنگینە، خۆی بەم دیمانەیەی "وشە"دا دەڵێت، تابلۆكانم گوزارشت لە جوانیی ڕەنگەكان و خەیاڵی مرۆڤ دەكەن. بەگوتەی خۆی "زۆرجار لەگەڵ تابلۆكانی دەدوێ و باسی‌ دڵ و دەروون و ڕۆحی خۆیان بۆ دەكات".

دەستپێكی كارەكانت لە بواری شێوەكاریدا چۆن بوو؟
لە منداڵییەوە خولیام بۆ وێنەكێشان هەبوو، هەمیشە وێنەی جوان و سەرنجڕاكێشم دروست دەكرد و سەرسامكەر بوون بۆ دەوروبەركەم، لەگەڵ ئەوەشدا كە چوومە زانكۆ لە بەشی هونەریدا دەستم پێ نەكرد، بەڵكو بەشی كارگێڕیی كارم لە زانكۆی سەڵاحەدین تەواو كرد، ئەوە نەبووە هۆكار بۆ ئەوەی دەست لە كارە هونەرییەكانم هەڵگرم، بۆیە لە ساڵی 2017 بە وێنەی زەخرەفە و تێكهەڵكێشی ڕەنگەكان دەستم پێ كرد و گرنگی زیاترم بە تواناكانی خۆم دا.

خاوەنی چەند تابلۆیت؟
زۆر گرنگیم بە تابلۆ نەداوە، چونكە زۆربەی ئەو وێنانەی دروستیان دەكەم لەسەر دیوارەكان بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا 12 تابلۆم هەیە و هیچیانم لەلا نەماوە، چونكە كاتێك تابلۆیەك دروست دەكەم یان وێنەی سەر تابلۆ دەكێشم، لەسەر داوای كڕیارەكان دروستیان دەكەم، ئەویش لەبەرئەوەی شوێنێكی تایبەتم نییە تابلۆ دروست بكەم و لەلای خۆم هەڵیان بگرم.

هیچ پێشانگە‌یەكت كردووەتەوە؟
نەخێر، وەك ئاماژەم پێ كرد تا ئێستە شوێنێكی گونجاو و تایبەتم نەبووە بۆ ئەوەی تابلۆ دروست بكەم و هەڵیان بگرم، كە شوێنێشم نەبوو، بێگومان ناتوانم پێشانگە بكەمەوە. هۆكارێكی تریش ئەوەیە بۆ كۆمپانیاكان كاری وێنەكێشان و شێوەكاری دەكەم، بۆیە ئەو دەرفەتەم بۆ هەڵنەكەوتووە تا بتوانم بیر لە كردنەوەی پێشانگەی تایبەت بكەمەوە، بەڵام ئەگەر دەرفەتم بۆ بڕەخسێ بێگومان ئەو نیازەم هەیە.

تابلۆكانت گوزارشت لە چی و باس لە چی دەكەن؟
تابلۆكانم گوزارشت لە جوانی ڕەنگەكان و خەیاڵی مرۆڤەكان دەكەن، چونكە زۆربەی تابلۆكانم فكرین و تایبەتن بەو كەسانەی باس لە خۆیان دەكەن، منیش بە تابلۆ بۆیان دەنەخشێنم.

لە كێشانی تابلۆدا خەیاڵەكانت بەچی تێكەڵ دەبن؟
كاتێك سەرقاڵم بە دروستكردنی تابلۆ، هەستێكی زۆر خۆشم بۆ دێ، چونكە ئەو كاتانە لەگەڵ تابلۆكانم باس لە دڵ و دەروون و ڕۆحی خۆم دەكەم، تەنانەت زۆرجار لەگەڵ تابلۆكانم دەدوێم.

بۆ كێشانی تابلۆكان چی بەكار دێنیت؟
لە ڕووی ڕەنگەوە "ئەكریلیك" بەكار دێنم، بەهۆی ئەوەی لە ڕووی ئەكادیمییەوە بەشی شێوەكاریم نەخوێندووە، بۆیە ئازادانە نیگار دەكێشم و لەسەر هیچ ڕێچكەیەكیش ناڕۆم، تەنیا بە بیر و خەیاڵی خۆم كارەكان دەكەم.

لە ڕێی شێوەكارییەوە چ ئامانجێكت هەیە؟
ئامانجی من دڵخۆشكردنی خەڵكە، چونكە پێم وایە هەموو مرۆڤێك كە سەیری تابلۆ دەكات، هەست دەكات كەسێكی لەگەڵدایە و زەردەخەنە دەكات. لەلایەكی ترەوە دەمەوێ شارەكەم هەمووی بە نیگار و تابلۆكانم ڕەنگ بكەم.

تا چەند گرنگیت بە ژنان داوە؟
تا ئاستێك لە تابلۆكانم باسی ژنم كردووە، چونكە خۆم یەكێك بووم لەو ژنانەی سەرەتای هونەریم ترسم هەبوو لە ناساندنم و تەنیا بۆ خۆم كارەكانم دەكرد، بەڵام ئێستە بە ئاشكرا بۆ چەندان كەس و كۆمپانیا‌ كار دەكەم. هەروەها پەیامیشم بۆ هەموو مرۆڤەكان ئەوەیە ئیتر ترس فڕێ بدەن، چونكە هەموو كەسێك توانای هەیە و دەتوانێ بەوە بگات كە مەبەستیەتی، ئەو كاتە هیچ شتێك نابێتە بەربەست بۆ سەركەوتنەكانی. لە هەمانكاتدا دەبێ هەموو كەسێك مامۆستای دەروونی خۆی بێت بۆ ژیانێكی خۆش.

هیچ ڕێچكەیەكی تایبەت بە خۆتت هەیە؟ 
من بە بۆچوونی خۆم شتەكان لە تابلۆكان بەكار دێنم بۆ جوانی و ڕازاندنەوەی تابلۆكانم كە پێی دەڵێم ڕێی ئازاد.

جگە لە شێوەكاری، بەهرەت لە چ بوارێكی تر هەیە؟
وەك هونەر تەنیا نیگاركێشم و تابلۆ دروست دەكەم، بەڵام هەست دەكەم بەهرەیەكی تایبەت ترم هەیە كە خولیای بازرگانیم و هەوڵ دەدەم ببم بە بازرگان.

هیچ پڕۆژەیەكت هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا كاری لەسەر بكەیت؟
بەدڵنیاییەوە پڕۆژە و بەرنامەم گەلێك زۆرن و لە ئایندەدا كاریان بۆ دەكەم، بەڵام ئێستە نامەوێ باسیان بكەم.

دیمانەی/ محەمەد جەمال























وشە - تایبه‌ت