"هێرشەكەی سعوودیە هەوڵێكی تری ئێرانە بۆ شكستهێنان بە ترەمپ"

:: PM:09:36:15/09/2019 ‌

دوێنێ حوسییەكانی یەمەن هێرشیان كردە سەر چەند دامەزراوەیەكی گرنگی نەوتی سعوودیە، بەوەش بەرهەمی نەوتی ئەو وڵاتە و نرخی نەوت و ئابووری دنیا كاری تێ كرا، شارەزایان دووپات لە سێ شت دەكەنەوە یەكەمیان هێرشەكە لە عێراق ئەنجام دراوە، دووەم بۆ بەرزكردنەوەی ورەی گرووپەكانیەتی بەوەی وەڵامیان هەیە لە بەرانبەر كردنەئامانجیان، سێیەم تێوەگلانی ئەمەریكایە لە جەنگێك كە ببێتە هۆی شكستهێنانی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.  

ئینتفاز قەنبەر سەرۆكی پارتی موستەقبەلی عێراقی كە لە واشنتن دادەنیشێت بۆ "وشە" گوتی، ئەو هێرشانە تەواوكردنی پلانێكی گەورەترن بۆ دەستدرێژیكردن بۆ سەر وڵاتانی كەنداو كە ئێران بە شوێنی ئازاردانی ئەمەریكا و دنیایان دەزانێت، ئێران وڵاتێكی ترسنۆكە و و راستەوخۆ رووبەڕووی دوژمنەكانی نابێتەوە، كە بانگەشەی ئەوە دەكات دوژمنی ئەون وەك ئیسرائیل، چونكە ئیسرائیل لە حەشدی شەعبی و پاسداران دەدات لە عێراق و سووریا، كەچی ئێران وەڵامی ئیسرائیل ناداتەوە، تەنانەت خۆی لەوەش لادەدات ئیسرائیل تۆمەتبار بكات.

زیاتر گوتی، ئێران ناتوانێت راستەوخۆ رووبەڕووی ئەمەریكا ببێتەوە، چونكە باش دەزانێت وەڵامدانەوەی ئەمەریكا توند دەبێت، بۆیە ئەو لە سعوودیە دەدات و دەیەوێت لەو رێگەوە گوشار بخاتە سەر دنیا، بۆیە ئێران وڵاتێكی پشتبەستووە بە ناچاركردنی وڵاتان لە ماوەی 40 ساڵدا لەوەتەی 1979، حزبوڵاش گوشار دەخاتە سەر ئیسرائیل و گرووپەكانی یەمەن و عێراق گوشار دەخەنە سەر سعوودیە و وڵاتانی كەنداو، بۆیە بەو شێوەیە ئێران گوشاری خستووەتە سەر دنیا بە شێوەیەكی بەردەوام. 

قەنبەر روونی كردەوە، دەبینین كە ناوە ناوە ئێران گورز لە ئامانجەكانی سعوودیە دەوەشێنێت، وەك پێشتر ئاماژەمان كرد كە تاران سەركەوت لە گواستنەوەی جەنگ لە تارانەوە بەرەو بەغدا و خاكی عێراق، ئەوەش بەهۆی بوونی میلیشیاكانی، كێشەكە لەوەدایە ئەو بوونە لەژێر چەترێكی حكوومەتەوەیە كە حزبوڵا و حوسییەكانی یەمەنیش بە پەردەیەكی حكوومەتی كار ناكەن. ئەوانە بەشێك نین لە هێزە چەكدارەكان و یاسایان بۆ دەرنەچووە پێچەوانەی مادەی نۆی دەستووری عێراق، هەروەها بە ئاسانكاری و چۆكدادانی حكوومەتی عێراق بۆیان و تەنانەت یارمەتیدانیشیان.

ئاماژەی كرد، یەكەم گورزی بە سعوودیە كەوت لە رێگەی فڕۆكەی بیبَفڕۆكەوان بوو لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی رابردوو ئەوكات ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی بواری ئاسمانی عێراقی داخست و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان خاكی عێراقیان بەكار هێنا لەو هێرشە، ئەوكات هەموو زانیارییە تەناهی و هەواڵگرییەكان دەریان خست كە بێگومان یەكەم هێرش لە عێراقەوە بووە، ئەوجارە دووبارە هێرشەكەی دوێنێ لە عێراقەوە كراوە كە چەندان بەڵگە و ئاماژە هەن لە باشووری عێراق و كوێت و سعوودیە شایەتحاڵ هەن بەوەی مووشەكەكان لە باكورەوە هاتوون نەوەك لە باشوور واتە لە عێراقەوە.

لەبارەی هۆكار و كاریگەری ئەو هێرشە قەنبەر گوتی، بابەتی پەكخستنی هەناردنی پێنج ملیۆن بەرمیل لە نەوتی دنیا و گەیشتنی بۆ بازاڕەكان، ئەوە راستەوخۆ كار ناكاتە سەر ئەمەریكا، چونكە ئەو خاوەنی پێویستی خۆیەتی لە نەوت و ئەمڕۆ ئەمەریكا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە دنیا و رۆژانە 11 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دێنێت، سەرۆك ترەمپ گوتی، گەرووی هورمز و هاتنی نەوت لە كەنداو كار ناكاتە سەر ئەمەریكا، چونكە ئەمەریكا بەشی خۆی هەیە و هەناردەشی دەكات و بەپێی پلانی ترەمپ لە دوو ساڵی داهاتوو دەبێتە گەورەترین هەناردەكاری نەوت، ئەو هێرشە كار دەكاتە سەر ئابووری جیهان و نرخی نەوت لە دنیا بەرز دەكاتەوە و نرخی كاڵاكان بەرز دەبێتەوە و رەنگە هەڵاوسانی دنیایی دروست ببێت.

سەرۆكی پارتی موستەقبەل دووپاتی كردەوە، رەنگە ئەو هێرشانە كار بكەنە سەر ئابووری جیهان و خاوی بكەنەوە، پێم وایە ئێران بەو كارانەی پێ لە كلیكی شەیتان دەنێت و دەرگەی جەهەنەم بەرووی خۆیدا دەكاتەوە، ئەگەرچی هیچ چارەسەرێكیتری نییە و ئێستە وەك ئەو نێچیرەیە كە دەخنكێت و لەقە داوێت و لەقە لەهەر شتێك دەدات لە دەورووبەری بێت و تەنیا وڵاتانی كەنداوی دیوەتەوە كە لەقەیان لێ بدات كە لە رووی سەربازییەوە لاوازن و ناتوانن وەڵام بدەنەوە، ئەو دەیەوێت لەو رێگەوە گوشار بخاتە سەر ئەمەریكا، پێم وایە ئەمەریكا بێدەنگ نابێت و ئیسرائیل لە لێدانی بەردەوام دەبێت، رووسیا كە تا رادەیەك پاڵپشتی لە ئێران كردووە، خەریكە گڵۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل هەڵدەكات بۆ لێدانی ئێران، بۆیە تاكە چارەسەر بۆ ئێران كە وا دەزانن وەشاندنی ئەو گورزانەیە بۆ پاراستنی رووی خۆیانە لەبەردەم لایەنگرانی، چونكە ئەگەر وەڵامیان نەبێت، ورەیان بەتەواوەتی دەڕووخێت.

قەنبەر دووپاتی كردەوە بۆیە ئەو هێرشانە بۆ بەرزكردنەوەی ورە و پاراستنی روویانە و بەرزكردنەوەی پێگەی میلیشیاكانە لەبەردەم لایەنگرانیان، بەگشتی ئەو هێرشانە كێشەی ئێران چارەسەر ناكەن، ئێران یەك شت دەخوازێت كە ئەمەریكا سەربازیانە و بێ پلان بێتە ناو بابەتەكەوە بۆ ئەوەی ببێتە بابەتێك لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و ببیبَتە هۆكار بۆ دۆڕاندنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكە، بەتایبەتی كە كاندیدانی دیموكرات رایان گەیاندووە كە كار بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەكەنەوە، بۆیە تاكە هیوای ئێران دۆڕانی ترەمپە لە هەڵبژاردنەكان و ئەوەش زەحمەتە، بەداخەوە تا ئێستە ئێران لە یەك شت سەركەوتوو بووە ئەویش گواستنەوەی جەنگەكەیە بۆ ناو عێراق و لەوێوە لە سعوودیە بدات.     

دوێنێ شەموو دوو گەورە پاڵاوگەی نەوتی سعوودیە دووچاری هێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی حوسییەكانی یەمەن هاتنەوە و بەو هۆیەوە هەناردنی نەوتی سعوودیە كاری تێ كرا، مایك پۆمپۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئێرانی بە هێرشەكە تۆمەتبار كرد.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە سەرەڕای داواكان بۆ ئێران بۆ وەستاندنی پەرەسەندن، بەڵام هێرشێكی گەورەی كردە سەر سەرچاوەیەكی نەوتی دنیا، بۆیە پێویستە هەموو وڵاتان سەركۆنەی ئەو هێرشە روون و ئاشكرایە بكەن. دووپاتی كردەوە، ئێران لەپشت نزیكەی 100 هێرشە بۆ سەر سعوودیە، لەوكاتەی حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران و جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە پابەندن بە هەوڵە دیپلۆماسییەكان.

دوای هێرشەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد كوڕی سەلمانی شازادەی جێنشینی سعوودیە رای گەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ هاوكاریكردنی سعوودیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەكەی و دووپاتی لە كاریگەری نەرێنی ئەو هێرشانە بۆ سەر ئابووری ئەمەریكا و دنیا كردەوە. لای خۆیەوە ئەلبێرتۆ میگویل فرناندز بەڕێوەبەری كەناڵی حوڕە و دیپلۆماتكاری پێشووی ئەمەریكا لە تویتێكدا رای گەیاند كە ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانانەی هێرشیان كردووەتە سەر دامەزراوەكانی نەوتی سعوودیە لە عێراقەوە هێرشیان ئەنجام داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل