ئەركێكی نوێ‌ بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دیاری دەكرێت

:: AM:09:51:16/09/2019 ‌
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا پۆستەی هەموو هەرێمی كوردستان لە ڕێی فڕۆكەخانەی هەولێر بۆ وڵاتانی دنیا بنێردرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئەیلوول، لە نووسراوێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، وەزارەتمان هەڵدەستێت بە گواستنەوەی پۆستەی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو وڵاتانی دنیا بەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

ڕوون كراوەتەوە، ئەو گواستنەوەیە لە ڕێی تەندەرەوە بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەردەچێت كە ئارەزووی ئەو كارە دەكەن.

نووسراوەكە لە دیوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گشتاندنی بۆ كراوە و ڕێكەوتی 15ـی ئەیلوول دەرچووە.

ئەو نووسراوەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدایە پێشتر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایان كردبوو پۆستەی هەرێمی كوردستان دەكرێـتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێ ببینن.





وشە - رامیار جەواد