پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات باندێكی مەترسیدار گیراون كە بازرگانییان بە جەستەی مرۆڤ كردووە و سەرجەمیان بە ڕەگەز عەرەبن و لە باشووری عێراق هاتوون.
ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئەیلوول، سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، هێزەكانی پۆلیس توانیویانە باندێك بگرن کە بازرگانیان بە جەستەی مرۆڤ كردووە.
ڕوونی كردەوە، باندەكە پێنج كەسن كە هەر پێنجیان بە ڕەگەز عەرەب و لەباشووری عێراقەوە هاتووە و لە سلێمانی بازرگانییان بە جەستەی مرۆڤەوە كردووە و لە ئێستەدا گیراون و دانیان بە تاوانەكانیان داهێناوە و دۆسیەكەیان ڕەوانەی دادگا كراوە.
باسی لەوەشكرد هەڵمەتێكیان ئەنجام داوە و هێزەكانی پۆلیس دەستیان بەسەر 15 دەمانچە و 5 كڵاشنیكۆف و تاپڕێكی بێ مۆڵەتدا گرتووە.
گرتنی ئەو باندە لە كاتێكە لە ماوەی مانگی ڕابردوو چەند هەواڵێك لەسەر گرتنی چەند باندێكی بازرگانی بە جەستەی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو بوویەوە.