هاووڵاتییان لە فریاكەوتنی خێرا هۆشیار دەكرێنەوە

:: PM:04:11:17/09/2019 ‌
هاووڵاتییانی سلێمانی لە كاتی ڕووداوەكاندا بۆ پاراستنی گیانی نەخۆشەكانیان پەنا بۆ هێڵی فریاكەوتنی خێرای 122 دەبەن و بەڕێوەبەری هێڵەكەش ڕای دەگەیەنێت، لە هەشت مانگدا نزیكەی 10 هەزار بەهاناوەچوونیان ئەنجام داوە.

سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی كە بە هێڵی 122 ناسراوە، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییە و لە ساڵی 2010 سەنتەرەكە دامەزراوە و 24 سەعات هاوكاری هاووڵاتییان دەكات.

پارێزگای سلێمانی 129 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری خێرای هەیە كە 39 لەو ئۆتۆمبێلانە لەناو سەنتەری شاری سلێمانین و 90 ئۆتۆمبێلەكەی تر لە نەخۆشخانەكانی شار و شارۆكەكانی دەوروبەری سلێمانین، تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا كاتێك بە هانای هاووڵاتییانەوە دەچن فریاگوزارییە سەرەتاییەكانیان بۆ ئەنجامدەدەن تاكاتی گەیشتنیان بە نەخۆشخانەكان.

سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژانە 10 بۆ  11 ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی خێرا لە ناو  سەنتەری شاری سلێمانی ئێشكگر دەبن و هاوكاری نەخۆش دەكەن و ئەگەر توانرا چارەسەری نەخۆش بە تەواوی دەكەن یا نەخۆشەكان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەكان.

زیاتر گوتی، پێوەندی كردن بە هێڵی 122، بۆیە گرنگە لەبەرئەوەی لەناو ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی خێرادا سەرجەم ئامێرە پزیشكییەكان بوونی هەیە و لە ڕێی تیمی تایبەتەوە چارەسەر بە نەخۆش دەگەیەندرێت، تەنیا نەشتەرگەری لە ئەمبوڵانسەكەدا ناكرێت، بەڵام تەواوی چارەسەریەكانی تر دەكرێت تا كاتی گەیشتنیان بە نەخۆشخانەكان.

"لە ماوەی هەشت مانگدا زیاتر لە نۆ هەزار 728 بەدەمەوەچوونی نەخۆش هەبووە و تیمەكان  هاوكاری نەخۆشیان كردووە كە لە نێوان نەخۆشخانەكان یان ماڵەوە بۆ نەخۆشخانە یا لە نەخۆشخانەوە بۆ ماڵەوە بووە" بەڕێوەبەرەكەی هێڵی 122 وای گوت .

سامان نادر داوای لە هاووڵاتییان كرد كە لەكاتی بوونی هەندێك حاڵەتی برینداری و ڕووداوی هاتوچۆ هەوڵی گواستنەوەی بریندارەكان نەدەن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان، چونكە لە ڕووی زانستیەوە كێشە بۆ نەخۆشەكە دروست دەكەن و لە شەقامەكانیش ڕێگەی بۆ ناكرێتەوە وەك ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری نییە.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم