سەرچاوەی هێرشەكەی سەر سعوودیە ئاشكرا دەبێت

پاڵاوگەكانی ئارامكۆ
:: PM:06:57:17/09/2019 ‌

تۆڕی هەواڵی "سێ ئێن ئێن"ی ئەمەریكی وردەكاری نوێی لەبارەی هێرشەكەی شەمووی رابردوو بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە ئاشكرا كرد و ئاماژەی دەكات كە سەرچاوەی هێرشەكە بنكەیەكی سەربازی ئێرانە لە نزیك سنوورەكانی عێراق.

تۆڕەكە لە سەرچاوەیەكی لێكۆڵینەوەی گواستەوە بەوەی مووشەكەكان لەسەر عێراق هاوێژراون و بەسەر كوێت لایان داوە و گەیشتوونەتە دامەزراوەكان، ئەوەش بە مەبەستی شاردنەوەی سەرچاوەكەی. روونی كردەوە، بەشێك لە مووشەكەكان شكستیان هێنا لە پێكانی ئامانجەكانیان و لە بیابان كەوتنە خوارەوە بەر لە گەیشتنیان بە ئامانجەكانیان، هاوكات هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە نییە كە ئەو مووشەكانە لە باشووری سعوودیەوە هاوێژرابن بەتایبەتی لە یەمەن.

دوای هێرشەكەی بەرەبەیانی شەمووی رابردوو بۆ سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی، حوسییەكانی یەمەن بەرپرسیارەتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەكە راگەیاند كە لە رێگەی چەندان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجامیان داوە، بەڵام سعوودیە دووپاتی كردەوە كە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە هێرشەكە لە خاكی یەمەنەوە نەكراوە و بەچەكی ئێرانی بووە. 

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە ئەگەرێكی زۆر هەیە هێرشەكەی سەر پاڵاوگەكانی ئارامكۆ بە مووشەكی كرووز بووە و بە بەرزییەكی كەمەوە و بە پاڵپشتی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لە بنكەیەكی سەربازی ئێرانی نزیك لە سنوورەكانی عێراق هاوێژراون.

دوای هێرشەكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لایەنی تاوانكار دەزانێت و ئامادەن بۆ وڵامدانەوەی بكەری دەستدرێژییەكە، لەوكاتەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، تاران لەپشت 100 هێرش بۆ سەر سعوودیە دەوەستێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 1686 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌