ئەو كاریكارێستە ئەردۆغان لێی دەترسێت: گرتووخانە بووەتە ماڵی دووەمم

:: PM:09:01:18/09/2019 ‌
دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، تا ئێستە موسا كارت كاریكاتێریست چەندانجار رووبەرووی دادگا كراوەتەوە. ئەو دەڵێ، لەو كاتەی ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، چەند لە دەرەوە كارم كردووە و هێندەش لە گرتووخانە بوویمە.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول، موسا كارت وێنەكێشی كاریكاتێریستی بەناوبانگی توركیا رای گەیاند، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان، چەندە لە دەرەوە كارم كردووە، هێندەش لە گرتووخانە بوویمە. موسا كارت، دوایەمین بڕیاری گرتن لە دژی، لە مانگی نیسانی رابردوو بوو، دوای دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری سێ ساڵ و نۆ مانگ گرتنی بۆ دەركرد بە تۆمەتی پێوەندی هەبوون بە رێكخراوە تیرۆریستییەكان.

موسا، هەفتەی رابردوو بە كەفالەت ئازاد كراوە و چاوەڕوان دەكات تانە لە بڕیارەكەی دادگا بدات، گوتی "لە ماوەی 15 ساڵی دەسەڵاتی ئەردۆغان، هۆڵەكانی دادگا و گرتووخانە بوونەتە ماڵی دووەمم".
 
موسا كارت، یەكێكە لە بەناوبانگترین كاریكاتێریستە توركەكان كە لەلایەن دامەزراوەیەكی سویسڕی تایبەت بە كاریكاتێر لە پێناو ئاشتی دانی پێدانراوە، ئەو لە رۆژنامەی (جمهوریەت)ـی ئۆپۆزسیۆن كار دەكات كە یەكێكە لە بەربڵاوترین رۆژنامە لە توركیا.

ئەو كاركاتێریستە بۆ یەكەمجار ساڵی 2016 لەلایەن ئەردۆغانەوە خراوەتە بەندیخانە لە چوارچێوەی هەڵمەتی كودەتاكەی حوزەیرانی توركیا، دەڵێ، زۆر نیگەرانم لەوەی چەندە لە كار بوویمە و هێندەش لە گرتووخانە، بەڵام هێشتا هیوام هەیە و رێگە نادەم ئەو دۆخە بەسەرمدا زاڵ بێت، گوتی "هەوڵدەدەم باش دەربكەوم لەو كاتەی لە گرتووخانە سەردانم دەكرێت".

زیاتر گوتی "لەو كاتەی دۆخم باش نییە، پێشوازی لە سەردانیكارانم لە گرتووخانە ناكەم، بۆیە ئەو كاتەی دەچمە دیداریان پاكترین جلوبەرگم لەبەر دەكەم و تراش دەكەم و بە دڵێكی فراوانەوە پێشوازییان لێدەكەم و هەمیشە لەگەڵیاندا نوكتە دەڵێم".

ئەو كاركاتێریستە كە كاریكاتێرەكانی ترسی خستۆتە دڵی ئەردۆغان، دەڵێ، ئەگەر باوەڕت بەوە هەبوو لەسەر هەڵوێستێكی راستی، ئەگەر هەست بە ئاشتەوایی بكەی لە ناهتدا و لەوەی رابردوو كردووتە، ئەوا بەرگرتنی گرتووخانە زۆر زەحمەت نابێت بۆت.
 
موسا كارت، لەو كاتەوەی ئەردۆغان لە 2003 دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بەردەوام رووبەڕووی گرفت بوونەتەوە، یەكەم سكاڵاش كە لەلایەن ئەردۆغان لە دژ تۆمار كراوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005 لەو كاتەی موسا لە كاریكاتێرێكدا، ئەردۆغانی وەك پشیلە نیشاندا بوو كە لە گێژاوی داوە بەن گیری خواردووە.
لەسەر ئەو وێنەیە، سكاڵای لە دژ تۆمار دەكرێت، ئەو دەڵێ، لە ماوەی 40 ساڵی كاركردنی وەك كاریكاتێریست، وێنەی هەموو سەركردەكانی توركیای بە كاریكاتێر دروست كردووە، كەسیش سكاڵای لە دژ تۆمار نەكردووە جگە لە ئەردۆغان نەبێت.

لە ئێستەدا موسا كارت تۆمەتبار كراوە بە پێوەندی هەبوونی بە رێكخراوی فەتۆ كە فەتحوڵا گولەن سەرۆكیەتی و لە توركیلا لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان دایە و تۆمەتبارە بە كودەتاكەی 2016.

جگە لەو، ئەوا 14 رۆژنامەی تر لە رۆژنامەی جمهوریەت، تۆمەتبارن بە گۆڕینی سیاسەتی رۆژنامەكە بۆ بەرژەوەندی گولەن و كوردەكان.

موسا گوتی "ئەو تۆمەتانە سنووری مەنتقی تێپەڕاندووە، كاتێك سەیری وێنەكانم دەكەی تێدەگەی چەندە دژی هەموو رێكخراوێكی تیرۆریستیم، بۆیە داوا لە رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور دەكەم داوا لە توركیا پێداچوونەوە بە یاسای دژە تیرۆر و ناوزڕاندن بكرێت كە دەسەڵات لە دژی ئۆپۆزسیۆن بەكاری دەهێنێت".








وشە - فه‌رمان سادق