یەکێتی زانایانی کوردستان: هاوسەرگیریی مسیار رێپێدراو نییە

:: AM:09:45:19/09/2019 ‌

هاوسەرگیریی مسیار لە سنووری كەركووك تا مەخموور زیادی كردووە، بەڵام یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان هۆشداری بە مامۆستایانی ئاینی دەدات كە بە ئاشكرا و بە نهێنی ئەو مارەبڕینە نەكەن و ڕێپێدراو نییە. بەڵام مامۆستایەكی ئاینی چەند نهێنییەك لەبارەی ئەو هاوسەرگیرییە ئاشكرا دەكات.

"مسیار یان زەواجی موتعە یاخۆ سیغە" شێوازێكی پێوەندی سێكسیی دوو كەسە كە شەرعێندراوە بەگوێرەی هەندێ مەوەز و بیروباوەڕی ئاینی، بە دیاریكراوی لەناو مەزەوی شیعەدا كارێكی رەوایە و نووسینگەی مارەبڕین هەیە, كاتی ئەو پێوەندییە نێرومێ خۆیان دیاری دەكەن لە یەك سەعاتەوە تا چەند مانگ. ئەوەیش بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختە.

مەلا محەمەد دێروان مامۆستای ئاینی لە سنووری مەخموور، بەگوتەی خۆی ئەمساڵ سێ‌ جار پێوەندی پێوە كراوە بۆ هاوسەرگیری مسیار، بەڵام ڕەتی كردووەتەوە، چونكە هیچ ڕێپێدانێكی ئاینی نییە.

دێروان بە"وشە" دەڵێ، "ڕۆژێك هاتنە لام بۆ مارەبڕینێك، منیش وەك ئەركێكی ئاینی چووم، لەوێ بۆم دەركەوت ئەفسەرێكی سوپای عێراق لەگەڵ ژنێك بە نیازی هاوسەرگیری مسیارن، بۆیە ڕەتم كردەوە ئەو هاوسەرگیرییە تۆمار بكەم كە هەردووكیشیان كورد بوون".

"لەلایەن یەكێتی زانایانی كوردستان پێوەندیمان پێوە كراوە كە هاوسەرگیری مسیار ڕێپێدراو نییە و نابێ بكرێت، بۆیە مامۆستایانی سەربە ئەو یەكێتییە نابێ ئەو گرێبەستە ئەنجام بدەن و لە فەرموودە و قورئانیش هیچ دەقێك نییە ڕێی پێ بدات" مامۆستا ئاینییەكەی مەخموور وای گوت.

باسی لەوەش كرد، هاوسەرگیریی مسیار لە ئیسلامدا مێژوویەكی كۆنی نییە و لە نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا زیاتر لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بڵاو بووەتەوە، دواتر چەندان وڵاتی تری عەرەبی گرتووەتەوە وەك سعودیە و میسر، لە دیارترین ئەو زانایانەی ئیسلامیش كە مسیار بە هاوسەرگیرییەكی رەوا و شەرعی دەزانن، یوسف قەرزاوی سەرۆكی یەكێتی زانایانی مسوڵمانە.

هەرێمی كوردستان زۆرینەی دانیشتوانەكەی مسوڵمانە، بەڵام دەیان ئاین و نەتەوەی تر هاوشانیان بە ئاشتی دەژین و هاوسەرگیری رێوڕەسمی خۆی هەیە.

بەڵام یەكێتی زانایانی كوردستان ئەوە رادەگەیەنێت كە لەگەڵ لیژنەی فەتوا كۆبوونەوەیان كردووە لەسەر ئەو بابەتە و نەگەیشتن بە هیچ بڕیارێك كە هاوسەرگیری مسیار ڕێپێدراو بكات.
مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایانی كوردستان، بە"وشە"ی گوت، "هاوسەرگیریی مسیار بەهیچ شێوەیەك ڕێی پێ نەدراوە و داوا لە مامۆستایانی ئاینیی دەكەین مارەبڕینی مسیار ئەنجام نەدەن".

"لەگەڵ لیژنەی فەتوا كۆ بووینەوە بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێك لەسەر ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە، بەڵام دوای كۆبوونەوەیەكی چڕ، گەیشتینە ئەو بڕوایەی هاوسەرگیریی مسیار هیچ ڕێپێدانێكی شەرعی نییە و لە هەرێمی كوردستان نابێ مامۆستایانی ئاینی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە تۆمار بكەن". مەلا جەلال وای گوت.

ڕوونی كردەوە، تا ئێستە هیچ جۆرە هاوسەرگیرییەكی لەو شێوەیە لەلایەن مامۆستایانی ئاینی سەربە یەكێتیی زانایانی كوردستان تۆمار نەكراوە، ئەگەر بە نهێنیش كرابێت، ئەوا رای دەگەیەنین پێویستە مامۆستایانی ئاینی خۆیان بەدوور بگرن لەو جۆرە هاوسەرگیرییە و چیتر تۆماری نەكەن.

بەڵام داكۆكیكارێكی مافی ژنان ئەوە ئاشكرا دەكات كە سكاڵایان لەسەر مامۆستایەكی ئاینی هەیە كە ئەو هاوسەرگیرییەی تۆمار كردووە و پێی وایە "ئەوە بە ئاشكرا پێشێلی یاساییە".

هەورێ‌ كاروان پارێزەر و چالاكی مافەكانی ژن، بۆ "وشە" ئاشكرای دەكات، لە ساڵی ڕابردوو سكاڵامان لەسەر مەلایەكی ئاینی تۆمار كرد كە سەربە حزبێكی ئیسلامی كوردستانە، بەڵام كێشەكەی بە ڕێككەوتنی كۆمەڵایەتی لەگەڵ بنەماڵەی ژنەكە چارەسەر كرد و لە دەرەوەی دادگای هەرێمی كوردستان بوو.

وەک ئەو پارێزەرە باسی دەکات کەسێک لەگەڵ ژنێک ریک کەوتووە بە شێوەی مسیار هاوسەرگیری بکات و مەلاکەش مارەیانی دەکات بێ ئەوەی ماڵی بابی ئافرەتەکە ئاگادار بن.

هەورێ دەڵێ "پێویست ناكات ژن هەراج بكرێن بەبیانووی نەبوونی ڕەگەزی بەرانبەر، ئەوە یەكێكە لە هەنگاوەكان بۆ بێڕێزی بە ئاین و تێكەڵكردنی لەگەڵ نەریتی نەشیاو لەژێر ناونیشانی جیاجیا، هەروەها مەرج نییە هەرچی مەلایەك گوتی ڕاست بێت، چونكە ئەم باسانە لە رێی كەسانی ئاینییەوە دێتە ناو كۆمەڵگە". 

ڕێبوار قادر مامۆستای زانكۆیە و پشتگیری بۆچوونەكەی هەورێ دەكات كە "هاوسەرگیریی مسیار هەراجكردنی ژنە، بۆ ئەوەی ژن هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێك بكات، ئاسانكاری دەكات و لە بەشێك لە مافەكانی خۆی خۆش دەبێت، لەوانە نەفەقە و مارەیی و شوێنی مانەوە و ڕێگری لە دروستبوونی منداڵ، تەنیا پیاوەكە بۆ سەرجێی دەچێت بۆ لای ژنەكە یان بە پێچەوانەوە ژنەكە دەچێت بۆ لای پیاوەكە".
قادر بۆ وشە گوتی "بەهیچ شێوەیەك لە ناو قورئان و فەرموودەدا ناوی مسیار نەهاتووە، ئەوەشی دەگوترێ بە فقی ئەحمەدی، ئەوا ئەو مەبەستە نییە، بەڵكو ژن دەتوانێ لە هاوسەرەكەی خۆش ببێت لەسەر مارەیی پاشەكی، كەچی ئێستە بەهەڵە لێكدانەوەی بۆ كراوە و بۆ كۆمەڵێك بەرژەوەندی تر بەكار دێت".




وشە - رامیار جەواد