دایكی ئەو منداڵە كوژرا كە لە ئاودەستێك فڕێ درابوو

:: AM:10:09:19/09/2019 ‌
ئێوارەی دوێنێ‌ دایكی ئەو منداڵە لە كەركووك كوژرا كە ڕۆژی شەموو لە ئاودەستێكی نەخۆشخانەی كۆماری كەركووك فڕێ درابوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئەیلوول، بەرپرسانی پۆلیسی كەركووك بۆ میدیاكانی ئەو شارە ئاشكرایان كردووە دوێنێ‌ لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری كەركووك، ژنێكی تەمەن 17 ساڵ كوژراوە، دایكی ئەو منداڵە بوو لە ڕۆژی شەموو لە نەخۆشخانەی كەركووك فڕێ درابوو.

ڕوون كراوەتەوە، ژنەكە بە ڕەگەز عەرەبە و باوكی منداڵەكەش هاووڵاتییەكی پارێزگای دیالەیە و ئێستە هەڵاتووە.

ڕۆژی شەموو 14ـی ئەیلوول، لە پێش نیوەڕۆی لە نەخۆشخانەی كۆماری لە كەركووك منداڵێكی تەمەن یەك ڕۆژە لەناو شوێنی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی توالێتی نەخۆشخانەكە دۆزرایەوە.

دۆزینەوەی ئەو منداڵە، دوای دەنگێكی كز لەلایەن كارمەندانی پاككەرەوە لە یەكێك لە سەتڵی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك، منداڵێكی تەمەن یەك ڕۆژ لە ناو حاویەی زبڵ و خاشاك لە WC كانی نەخۆشخانەی گشتی كەركووك دەدۆزرێتەوە.

دەمی منداڵەكە پڕ لە پارچە پەڕۆ و كلێنس كراوە تا هەناسەی بۆ نەچێت و بخنكێت، ئێستە تیمەكانی پزیشكی سەرقاڵی چارەسەری منداڵەكەن و باری تەندروستی تا ئاستێك ناجێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشكە.

فڕێدانی ئەو منداڵە لە كاتێكدایە پێشتر فڕێدانی منداڵ لە هەرێمی كوردستان هەبوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەك فڕێ نەدراوەتەوە تەنەكەی خۆڵ و خاشاك.



وشە - رامیار جەواد