دەیان هەزار باڵندەی فلامینگۆ گەڕانەوە دەریاچەیەكی كوردستان

:: PM:12:23:19/09/2019 ‌

فلامینگۆ كە جۆرە باڵندەیەكی ملدرێژ و جوانە، كۆچەرە و ساڵانە كوێستان و گەرمێن دەكەن و روو لەو ناوچانە دەكەن ئاوی زۆرە و ژینگەكەی لەبارە بۆ ژیان. دوای چەندان ساڵ ئەم باڵندەیە دووبارە بە كۆمەڵ گەڕانەوە دەریاچەی ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان.

دریاچەی ورمێ بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوەكەی بەرێژەی سەرووی 80% وشكی كردبوو، بەڵام بەرزیی رێژەی باران لە چەند ساڵی رابردوودا لە لایەك  و پلانەكانی حكوومەت بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە لە وشكبوون لە لایەكی تر هۆكار بوون بۆ ئەوەی ئەم دەریاچەیە دووبارە ببووژێتەوە. 
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز ئەم جۆرە باڵندەیە رووی لە دەریاچەكە دەكرد و چەند رۆژێكە بە هەزاران باڵندە بۆ دریاچەكە گەڕاونەتەوە و دیمەنێكی جوانیان بەو دەریاچەیە بەخشیوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "رادیۆ زەمانێ" ژمارەی ئەو فلامینگۆیانە 40 هەزار باڵندە دەبێت. ئارتیما تاكە گیانلەبەرە لەو دەریاچە سوێرە دەژیت و زیادبوونی ئەو گیانلەبەرە لە دەریاچەكە هۆكاری سەرەكییە لەوەی فلامینگۆكان بگەڕێنەوە چونكە بە خۆراكی فلامینگۆ هەژمار دەكرێت.

بەر لەوەی دەریاچەكە تووشی دۆخێكی نالەبار بێت، ساڵانە سەرووی 100 هەزار فلامینگۆ بۆ دەریاچەكە دەگەڕانەوە.

هێلكەی ئارتیما زۆر خۆڕاگرە  و بۆ ماوەی چەندان ساڵ دەتوانێ بمێنێتەوە و لەم چەند ساڵەی دوایی كە ئاوی دەریاچەكە بەرز بووەتەوە گەیشتووەتە ئەو شوێنانەی كە هێلكەی ئارتیمای لێیە، ژیانی دووبارەی بەو گیانلەبەرە بەخشیوەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان