ئێران هەڕەشەی جەنگێكی گشتگیر لە ناوچەكە دەكات

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران
:: PM:02:46:19/09/2019 ‌
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی جەنگێكی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات ئەگەر ئەمەریكا گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت. ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمەریكا رای گەیاندووە پشتگیری لە سعوودیە دەكات بۆ گرتنەبەری هەر رێوشوێنێك بەرانبەر بەو هێرشەی كراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئەیلوول، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ـی ئەمەریكی راگەیاند، ئەگەر ئێران رووبەڕووی هەر گورزێكی سەربازی لەلایەن ئەمەریكا ببێتەوە، ئەوا جەنگێكی گشتگیر لە ناوچەكە روو دەدات.

زەریف گوتی "زۆر بە رژدی دەیڵێم ئێران جەنگی ناوێت، نامەوێت بچینە ناو هیچ رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی، بەڵام ئەگەر لەسەر خاكی خۆمان بەرگری لە خۆمان دەكەین".

قسەكانی زەریف لە كاتێكدایە چەند رۆژێك پێش ئێستە رەتی كردەوە وڵاتەكەی لە پشت هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە بێت، ئاماژەی بەوەدا كە هێرشەكە لە لایەن میلیشیا حووسییەكانی یەمەن ئەنجام دراوە.

 لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای تێپەڕبوونی چەند سەعاتێك دێت بەسەر لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كە رای گەیاندبوو، واشنتن تاوتوێی هەموو بژاردەكان لەگەڵ ئێران دەكات، لەوانەش بژاردەی سەربازی، گوتی "لە 48 سەعاتی داهاتوودا ئەمەریكا سزای نوێتر لەسەر ئێران دەسەپێنێت".

هاوكات ئەو پێشوەچوونە خێرایانە، دوای خستنەڕووی بەڵگەكان دێت لەلایەن وەزارەتی بەرگری سعوودیە كە شەوی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی خستیەڕوو.

عەمید توركی ئەلمالیكی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری سعوودیە لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رای گەیاند، هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە بە چەكی ئێرانی بووە و لە رێی حەوت مووشەكی كڕوز و 18 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كە لە باكورە هاتوونەتە ناو سنووری سعوودیە نەك باشوور، وەك ئاماژەیەك بۆ یەمەن.


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌