لە پزیشكییەوە بۆ جەنگ.. درۆنز چۆن ژیانی مرۆڤایەتی هەڵگەڕاندەوە

:: PM:03:35:19/09/2019 ‌
 دوای كردنە ئامانجی دامەزراوە نەوتییەكانی عەرەبستانی سعوودیە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی شۆك بوون و جارێكی تر پرسی كاریگەری درۆنز بەسەر ژیانی مرۆڤایەتی بووەتە جێی مشتومڕ، زۆر پێیان وایە ئێستە درۆنز ژیانی مرۆڤایەتی بە تەواوەتی گۆڕیوە.
 
رۆژنامەی (تەلەفگراف)ـی بەریتانی دەڵێ، بەهای پیشەسازی دروستكردنی درۆنز لە سەرتاسەری دنیا گەیشتووەتە 127 ملیار دۆلار، ئەو پیشەسازییەش چاوەڕوان دەكرێت ژیانی مرۆڤایەتی بگۆڕێت بەهۆی ئەوەی زۆری لە بوارەكان دەكاتە ئامانج.

پاسەوانی سنوور
ئەو سەرچاوەیەی بۆ رۆژنامە بەریتانییەكە قسەی كردووە، دەڵێ دەكرێت فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ چاودێری سنوورەكان بەكار بهێنرێت، ئەمەش لە ماوەی نزیكی داهاتوودا بۆ پاسەوانی كردنی سنووری یەكێتیی ئەوروپا دەیبینین كە چۆن دەكرێت بە پاسەوانی ئاسمان و زەوی و دەریاكان بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

سەرچاوەكە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، گوتی "یەكێتیی ئەوروپا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رۆبۆردر كە تێچووەكەی نزیكەی نۆ ملیار دۆلارە، تاوتوێی بیرۆكەكە دەكات كە چاودێری كۆچی نایاسایی بكات بۆ ئەوروپا".

ئەگەرچی هێشتا هیچ پلانێك نییە بۆ چۆنیەتی سوود بینین لە درۆنز لەسەر سنووری وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام چاودێران دەڵێن رەنگە تەنیا بۆ ئەوە بەكار بێت كە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە لە هەر جووڵەیەكی گومانلێكراو ئاگادار بكاتەوە.

نوێل شاركی ئەندام لە هەڵمەتی (رۆبۆتۆە بكوژەكان راگرن) دەڵێ، هەندێك لە وڵاتان لە هەوڵی دروستكردنی جۆرێك لە درۆنزن كە فیشەكی لاستیكی لەسەر دەبێت بۆ رێگرتن لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكان.

زیاتر گوتی "رۆبۆتی چاودێری لەسەر سنوور، چاوەڕوان دەكرێت لەلایەن هێزی پارێزەری سنوورەكان زۆر بە خێرایی پێشوازی لێ بكرێت بۆ رێگرتن لە هاتنە ناوەوە و سنوور بەزاندن، جگە لەمەش ئەگەر گوشارەكان لەسەر سنوورەكان زیاتر ببن ئەوا درۆنزەكان پڕچەك دەكرێن".

ئینتەرنێت
لێكۆڵەران و ئەندازیاران لە هەوڵی پێشخستن و بەرهەمهێنانی جۆرێك لە درۆنزن كە ماوەی یەك ساڵ بتوانێ لە ئاسمان بمێنێتەوە بە مەبەستی دابینكردنی تۆڕی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم (5G) بۆ ناوچە نزمەكان و ناوچەكانی كارەسات تێیاندا روو دەدات.

 شارەزایان باس لە ئەگەری دروستكردنی فڕۆكەیەك دەكەن كە بە وزەی خۆر كار و بێ فڕۆكەوان كار بكات و لە دوورە كۆنتڕۆڵ بكرێت كە بارستایەكەی تەنیا 150 كیلۆ گرام دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت، ئەگەریش لەوەدا سەركەوتوو بوون، ئەوا درۆنز جێی مانگە دەستكردەكان دەگرێتەوە كە تێچووی گەلێك زۆرە.

 دڵنیایی
كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە ئەمەریكا، تاوتوێی بیرۆكەی بەكارهێنانی درۆنززی بازرگانی دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە ئاستی ئەو زیانەی لەو ناوچانە روو دەدەن كە لەلای ئەوان دڵنیایی لەسەرە.

ئەو درۆنزانەی چاوەڕوان دەكرێت بۆ ئەو پرسە بەكار بهێنرێن، دەبێت لە جۆرێكی زۆر تایبەت بن كە توانای وێنەگرتنیان هەبێت بە كوالێتییەكی زۆر بەرز تا تیمەكانی لێكۆڵینەوە بتوانن وردبینی لە زیانەكان بكەن.

چاودێران پێیان وایە ئەو بیرۆكەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ كۆمپانیاكان لە پڕوپاگەندەی بڕینی دووكانەكان بە درۆ، كە ئەم پڕوپاگەندەیە ساڵانە نزیكەی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار لەسەر كۆمپانیاكانی دڵنیایی دەكەوێت.

 بەكارهێنانی لە گواستنەوەدا
كۆمپانیای ئەمازۆن كە یەكێكە لە كۆمپانیا هەرە زەبەلاحەكانی دنیا كە زۆرینەی كەلوپەلەكانی لە رێگەی ئینتەرنێت دەفرۆشێت، بیر لەوە دەكاتەوە لەمەولا لە رێی درۆنز، ئەو كەلوپەلانەی بە كڕیارەكانی فرۆشتووە بیگەیەنێت، لەمەشدا هەم بە كاتێكی كەم و هەمیش خێرا كەلوپەلەكان دەگەیەنێتە دەستی كڕیارانی.

كۆمپانیای ئەمازۆن دەڵێ، درۆنز توانای هەیە كەلوپەلەكان لە ماوەی 30 خولەك بگەیەنێت، جگە لەمەش ئامانجێكی تریش دەپێكێت كە ئەویش بەدەمەوە هاتنی هەڵمەتی پاكڕاگرتنی ژینگەیە.

چاودێری تەندروستی
دەكرێت فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان (درۆنز) بۆ مەبەستی خزمەتگوزاری تەندروستیش بەكار بهێنرێت، وەك گەیاندنی پێویستی پزیشكی لە كاتی تەنگژە مرۆییەكان، یان بەدەمەوە چوون و رزگاركردنی ئەوانەی لە رووداوەكاندا ون دەبن.

شارەزایان دەڵێن، دەكرێت درۆنز بەكار بهێنرێت بۆ هەندێك حاڵەتی پێویست و فریاكەوتن لە ئاستی گەڕەكەكاندا.

گواستنەوە
ئەگەرچی ئەو پرسە وەك خەونێك وایە، بەڵام درۆنز نزیكە لەوەی ئەو خەونە بكات بە راستی و بۆ گواستنەوەی مرۆڤ لەناو شارەكان بەكار بهێنرێت.

رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ، ژمارەیەك كۆمپانیا كە دیارترینیان كۆمپانیای ئوپەرە، سەرقاڵی وەبەرهێنانی پارەیەكی زەبەلاحە بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بچووكی نەفەرهەڵگر تا لە داهاتوودا پشتی پێ ببەستێت بۆ گواستنەوەی تایبەت.
 
بەرگریكردن
پێشكەوتنە خێراكان كە دنیای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بەخۆیەوە دەیبینێت، لەگەڵ ئەوەی تێچووەكەی كەمە و بەكارهێنانیشی ئاسانە، رەنگە ئەمە هانی سوپای وڵاتان بدات لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان و ئەركی قورس لە كاتی جەنگەكاندا بەكاری بهێنن.

ئەمەریكا لە ساڵی 2017، پلانی داناوە و بودجەی چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە بەرنامەیەكی تایبەت بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی تەرخان كردووە، هاوكات هیندستان و كۆریا ملیاران دۆلار لەم پرسەدا وەبەرهێنان پێ كردووە.

شارەزان دەڵێن، درۆنز توانای هەیە ئامانجە بەرگرییەكان و چاودێری و هێرشی سەربازی ئەنجام بدات.

كشتوكاڵ
دەكرێت فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان رۆڵ ببینێ لە كەمكردنەوەی بەهەدەردانی خواردن و یارمەتیدانی جووتیاران لەوەی زەوییەكەی بەشێوەیەكی باش بەكار بهێنێت.

ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە پێنج كۆمپانیا كە كار لەم بوارەدا دەكەن، درۆنز و ئامێری تەكنەلۆجیا بەكار دەهێنن بۆ چاوێری مەڕوماڵات و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان و رشاندنی پەین بەسەریاندا.


وشە - فه‌رمان سادق