"بۆ ئه‌وه‌ی شارستانییه‌تێك وێران بكه‌ی، پێویست ناكات كتێبه‌كانیان بسووتێنی، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رته بیكه‌ی، بتوانی ڕازییان بكه‌یت كتێب نه‌خوێننه‌وه." ڕای برادبۆری.
له ساڵی 1953، ڕای برادبۆری ڕۆماننووسی ئه‌مه‌ریكی، كاتێك به‌چاوی خۆی ده‌یبینی خه‌ڵكی كتێبه‌كانیان له ماڵه‌وه ده‌رده‌هێنا و فڕێیان ده‌دان، یان له به‌رده‌رگه‌ی ماڵه‌كانیان گڕیان تێ به‌رده‌دان و پیاوانی ئاگركوژێنه‌وه فریا ده‌كه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه نه‌سووتێ، به ته‌واوی تووشی شۆك بوو، چونكه ئه‌وان ئه‌و جێگه‌یه‌ی بۆ كتێبیان دانابوو، پێویستیان پێ بوو چۆڵ بێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی لێ دانێن. ئه‌م دیمه‌نانه‌ی له ڕۆمانی "فێرنیهایت 451" تۆمار كردووه و به‌وپه‌ڕی حه‌سره‌وه‌وه باسی ئه‌و گۆڕینه ده‌كات له‌ناو خه‌ڵكیدا، له كتێبه‌وه بۆ شتێكی پووچ كه ته‌له‌ڤزیۆنه و هیچ به‌هایه‌تی ڕۆشنبیریی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر به كتێب نییه.
ڕۆمانه‌كه لای خوێنه‌ران، وه‌ك ڕۆمانی "1984"ی جۆرج ئۆرۆیل ته‌ماشا كرا و پێیان وا بوو برادبۆری ڕه‌خنه‌ی له حكوومه‌ت گرتووه، له كاتێكدا هه‌موو ڕه‌خنه‌كه ڕووی له خه‌ڵكی بوو، چونكه پێی وایه، حكوومه‌ت شوێنكه‌وته‌ی خواستی خه‌ڵكه. كاتێك خه‌ڵك كتێب فه‌رامۆش ده‌كه‌ن و پشتی تێ ده‌كه‌ن و ڕوو له تیڤی ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر وا تیڤیی له‌سه‌ر تیڤی بۆیان داده‌مه‌زرێنێ.
برادبۆری، ئه‌و ڕۆمانه‌ی له كاتێكدا نووسیوه كه شیمانه بۆ داهاتوویه‌كی زۆر خراپ ده‌كات، هێشتا ته‌له‌ڤزیۆن به ته‌واوی نه‌كه‌وتبووه هه‌موو ماڵێكه‌وه. ئێسته، سه‌رده‌می ڕۆمانی " فێرنیهایت 451" نییه، به‌ڵكوو شاشه هه‌ر له‌سه‌ر مێز و به دیواره‌وه هه‌ڵنه‌واسراوه، به‌ڵكوو له گیرفان، له جانتا، له ماڵ، له سه‌ر شه‌قام، له‌ناو پاس، له‌كاتی پیاسه، له كۆفی، له‌ناو ته‌والێت و هه‌موو شوێنێكی داگیر كردووه و وا ده‌زانین كاتێك به په‌نجه گه‌وره‌كه‌مان یه‌ك یه‌ك شته‌كان تێ ده‌په‌ڕێنین، جیهانمان گرتووه‌ته ده‌ست، له كاتێكدا هه‌ندێك سۆسیۆلۆژی ناویان لێ ناوه "په‌نجه‌ی گه‌مژه‌یی سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا".
به‌پێی ئامارێك كه بۆ ئه‌مه‌ریكا كراوه، له‌وه‌ته‌ی سۆشیاڵ میدیا جیهانی داگیر كردووه، ته‌نیا 19%ی خه‌ڵك به شێوه‌ی به‌رده‌وام و بۆ چێژ و خۆزه‌نگینكردن به مه‌عریفه، كتێب ده‌خوێننه‌وه، ئه‌وی تر له كتێبی قوتابخانه و زانكۆ زیاتریان نه‌بینیوه. له به‌رانبه‌ردا 86%ی خه‌ڵكی به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، ڕۆژانه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه.
ڕێژه‌ی ناوه‌ندی خوێندنه‌وه لای تاكێكی ئه‌مه‌ریكی، ڕۆژانه ته‌نیا 21 خووله‌كه، به‌ڵام ڕێژه‌ی به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نزیكی دوو سه‌عاته (116 خووله‌ك). هه‌ڵبه‌ت ڕه‌نگه هه‌موومان یان زۆربه‌مان له‌وه دڵنیا بین، له كوردستانی خۆمان، ڕێژه‌ی خوێندنه‌وه لای زۆربه‌ی خه‌ڵكی، له 21 خووله‌كیش كه‌متره و ڕێژه‌ی ئالووده‌بوونیش به سۆشیاڵ میدیاوه زۆر له دوو سه‌عاته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا زیاتره.
ئالووده‌بوون به ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له تاكه ساده‌كان نه‌وه‌ك نوخبه ڕۆشنبیره ژیره‌كه، به ته‌واوی خه‌ونه ناخۆشه‌كه‌ی برادبۆری هێناوه‌ته دی. چونكه به ته‌واوی لای تاكه‌كان سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تیی زانیاری و كاتبه‌سه‌ربردنه و زۆری نه‌ماوه به ته‌واوی جێگه‌ی كتێب بگرنه‌وه.
كاتێك كتێب داده‌خه‌ین و نایكه‌ینه‌وه، چی له‌ده‌سه‌ت ده‌ده‌ین
به یه‌ك كلیك بۆ سه‌ر به‌شی گه‌ڕان، پاشان نووسینی ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ بیدۆزیته‌وه، ده‌بینی دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك، ده‌یان و سه‌دان زانیاریت له ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی داوات كردووه بۆ دێته به‌رده‌ست. به ڕووكه‌ش، ئه‌مه زۆر شتێكی خۆشه و به دڵنیاییشه‌وه له كتێب سه‌رنجڕاكێشتره، چونكه ناچار نیت كتێبێك بخوێنیته‌وه یان ده‌یان لاپه‌ڕه هه‌ڵبده‌یته‌وه تا زانیارییه‌كت ده‌ست ده‌كه‌وێ. له كولتووری خێرا گه‌یشتن به زانیاری، هه‌رگیز كتێب شتێكی كرداری و باش نییه، له كاتێكدا به كلیكێك ده‌توانین پێی بگه‌ین و به كورته بابه‌ت و ڤیدیۆی سه‌رنجڕاكێش بۆمان ڕوون ده‌كاته‌وه.
به‌ڵام.. ئایا ئه‌وه‌ی له ڕێی ئینته‌رنێته‌وه به‌و خێرایییه پێی ده‌گه‌ین، هه‌مان ئه‌وه‌یه كه له ڕێی كتێبه‌وه ده‌ستمان ده‌كه‌وێ؟
گریمان ئێمه خوێنه‌رین، بۆ كاتبه‌سه‌ربردن ناچینه سه‌ر ئینته‌رنێت و ده‌مانه‌وێ زانیاریمان ده‌ست بكه‌وێ، بڕواشمان وایه له ڕێی ئینته‌رنێته‌وه كاتێكی زۆرمان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئایا وایه؟ بۆ نموونه ناونیشانێك نووسیوه و له‌ناو ئه‌و ده‌یان لینكه‌ی له سێرچه‌كه‌تدا ڕیز بووه، دانه‌یه‌كیان كرده‌وه و خوێندته‌وه، ده‌بینی ئه‌وه‌ی تێیدا نووسراوه، ئێجگار ئه‌وه ناگرێته‌وه كه تۆ ده‌ته‌وێ، هه‌ر به‌هۆی كلیكه‌كه‌ته‌وه، بابه‌تێكی دیكه‌ی پێوه‌ندیدار ده‌بینی، هه‌ست ده‌كه‌ی ئه‌ویش بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌بێ، كلیكی ده‌كه‌یت، ده‌بینی له‌ویشه‌وه بابه‌تێكی دیكه سه‌رنجت ڕا ده‌كێشێ، به‌م شێوه‌یه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه نیو سه‌عاتت ڕۆیشتووه و هێشتا نه‌گه‌یشتووی به هیچ. ئایا كاتت بۆ گه‌ڕایه‌وه؟
پاشان، قه‌ینا با بڕوا به‌وه بێنین كاتی كتێب نه‌ماوه و له ڕێی ڤیدیۆگرافییه‌وه یان بابه‌تێكی كورته‌وه، ده‌گه‌ین به زانیارییه‌كان، به‌ڵام ئایا ئه‌و هه‌موو زانیارییه‌ی له چه‌ند دێڕێكی كه‌مدا یان له ڤیدیۆیه‌كی دوو خووله‌كیدا پێت ده‌گات، به هه‌مان شێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی كتێبێك، له مێشكتدا ده‌چه‌سپێ؟
هه‌ڵبه‌ت ئێمه لێره‌دا، دژی ئه‌وه نین لاپه‌ڕه‌ی كتێب له ڕێی شاشه‌وه بێت، خۆ مه‌رج نییه ناچار بین هه‌ر كتێبی چاپكراو بخوێنینه‌وه.
بیهێنه به‌رچاوی خۆت، ده‌ته‌وێ حه‌وزێكی گه‌وره یان مه‌له‌وانگه‌یه‌ك له ڕێی سووراحییه‌كی بچووكه‌وه یان په‌رداخێكه‌وه پڕی ئاو بكه‌ی. ڕێك ئه‌مه ئه‌ركی كتێبه بۆ مێشكمان، به كردارێكی هێواش، زانیارییه‌كان له به‌شی پێشه‌وه‌ی مێشكمان بۆ به‌شی هه‌میشه‌یی ده‌گوازێته‌وه، به‌ڵام چیدی لێی نایه‌ته ده‌ره. به‌ڵام له ڕێی میدیا و سۆشیاڵ میدیا و وێبسایته‌كانه‌وه، له به‌رده‌م كۆمه‌ڵێ سۆنده‌ی گه‌وره‌ی زانیارین هه‌موویان به خێرایییه‌ی زۆر، دێنه مێشكمانه‌وه، ده‌بینین، به‌شی پێشه‌وه‌ی مێشكمان پڕ بووه و لێی ده‌ڕژێ، وا خه‌ریكه تووشی سه‌رێشه‌یه‌كی زۆریشی كردووین و به‌رنامه‌ی خه‌ویشی لێ تێك داوین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شی پشته‌وه‌ی مێشكمان، هه‌ر به په‌رداخ زانیارییه‌كان وه‌رده‌گرێ، زۆربه‌ی ئه‌و زانیارییه له‌هه‌ژمارنه‌هاتووه‌ی وه‌رمان گرتووه، به‌فیڕۆ ده‌چێ، ئاخر به‌شی پێشه‌وه زووزوو خۆی خاڵی ده‌كاته‌وه، به‌شی پشته‌وه‌ی مێشكیشمان كه هه‌میشه‌یییه، ناچار نییه كرداره‌كه‌ی خێرا بكات. به‌م شێوه‌یه، ئێمه ڕۆژانه زۆرترین زانیاری ده‌كه‌ینه به‌شی پێشه‌وه‌ی مێشكمان و كه‌مترینی ده‌گاته به‌شی هه‌میشه‌یی و دوای چه‌ندان ساڵ، هیچی وامان نییه بیبه‌خشین و بیگێڕینه‌وه. ئه‌وانه‌ی كتێب ده‌خوێننه‌وه، دوای چه‌ندان ساڵ ئه‌زموون، هه‌ر حه‌ز ده‌كه‌ی به‌دیاریانه‌وه دانیشی.