"رێكلام بۆ كرێمی بەرخۆر دەكرێت كەچی لە ژوورەكەی وێنە دەگیرێت"

:: AM:09:29:20/09/2019 ‌
دروستكردن و بەرهەمهێنانی رێكلام لە هەرێمی كوردستان، بەگوتەی خاوەن كۆمپانیایەك "هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆوە نەبینیوە و ئەوەیشی هەیە وەرگیراوی بیرۆكەی رێكلامی ترە و چەند گۆڕانكارییەكی تێدا كراوە".

ساڕێژ كامەران كچە ئەكتەرێكی هەولێرە و ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی چەند رێكلامێكی تەلەڤزیۆنیدا بینیوە. ئەو ئێستە وەك كارەكتەرێكی سەرەكی رێكلام ناسراوە. بەگوتەی خۆی، ئەوەی لە دەقدا دەنووسرێ و ئەوەی دەگوترێت، زۆرجار جیاوازە و بەپێی خواستی خاوەنكار ڕێك دەخرێت.

ساڕێژ بۆ "وشە" گوتی، "زۆرجار كە تۆماركردنی رێكلام دەست پێ‌ دەكات، ئەو شوێنەی رێكلامی بۆ دەكەین خۆی داوای گۆڕانكاری دەكات، ئەوەیش وایكردووە جارجار هەڵە و نەشاز دروست بێت و دوای كە رێكلام پەخش دەكرێ كۆمەڵێك كەموكوڕی هەبێت".

ڕێكخراوی زەنگ دركی بەم كەموكورتییە كردووە و پڕۆژەیەكیان پێشكەشی پەرلەمان كردووە بەمەبەستی رێكخستنەوەی كاری رێكلام لە هەرێمی كوردستان. ئێستە چاوەڕوان دەكەن ببێت بە یاسا.

هیوا بەرزنجی لە رێكخراوەكە، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك دامەزراوەی "زەنگ" پڕۆژەیاسای رێكخستنەوەی رێكلامە بازرگانییەكان لە هەرێمی كوردستان، پێشكەش بە لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان كردووە و زانیاری وردمان لەمبارەوە ئاراستە كردوون.

زیاتر گوتی، ئەم پڕۆژەیاسایە بە هاوكاری ژمارەیەك لە پسپۆڕانی بواری میدیا و یاسا ئامادە كراوە، دواتر دوو كۆنفرانسی زانستیمان بە بەشداری ژمارەیەكی تر لە پەرلەمانتار، مامۆستای زانكۆ لە بواری میدیا، بەڕێوەبەر و نوێنەری دەزگەكانی میدیا و پسپۆڕانی یاسایی بەڕێوە برد، تێیدا چوار توێژینەوە لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە ئامادە و پێشكەش كران، دواتر توێژینەوەكانمان لە چوارچێوەی نامیلكەیەكدا بەناوی "رێكلام" چاپ و بڵاو كردەوە، پاشان كۆی سەرنج و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانس لە پڕۆژەیاساكەدا جێگیر كران و پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرا.

"لە ئایندەیەكی نزیكیشدا بڕیارە كۆنفرانسێك بۆ تەواوی پڕۆژەكە ساز بكرێت، بەمەبەستی وەرگرتنی ڕای پسپۆڕ و شارەزایانی بواری میدیا و رێكلام و دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە تا یاسایەكی مۆدێرن و بەهێزی لێ بەرهەم بهێنرێت". هیوا وای گوت.

ریكلام لە كوردستان هیچ چاودێرییەكی لەسەر نییە و دوای بەرهەمهێنان راستەوخۆ دەفرۆشرێت بە تەلەڤزیۆن و پەخش دەكرێت، بەوەیش زۆرجار پیرۆزییەكانی وەك پەروەردە و لایەنی كۆمەڵایەتی و تەندروستیی كوردستان پێشێل دەكرێن.

دانا حەمەعەلی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری رێكلام بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە كە رێكلامی تەندروست، پێویستە موزیكێكی تایبەت بە خۆی بەرهەم بهێنرێت، دەقێكی تایبەت هەبێت و لۆكەیشنی خۆی هەبێت، كاتی رێكلام و شوێنی رێكلام دیاریكراو بێت و كاریگەر بێت بەسەر توێژی ئاراستەكراوەوە و كارەكتەری دیار رۆڵی تێدا ببینن".

زیاتر دەڵێ، "یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی رێكلام لە هەرێمی كوردستان، ناهۆشیاری بەشێك لە دەرهێنەرەكانە، بۆ نموونە كارەكتەرێك دەهێنن بۆ رێكلام و بانگەشەی ژیانێكی تەندروست دەكەن، كەچی ئەكتەرەكە كێشی سەرووی 100 كیلۆیە. بانگەشە بۆ مۆبایل دەكەن كە كوالێتی وێنەی باشە، كەچی بە كامێرای دیڤی كام وێنەی گیراوە، رێكلام بۆ شامپۆ دەكرێت و كەسەكە دەستی قڵیشاوە، یان رێكلام بۆ كرێمی بەرخۆر دەكرێت و كەسەكە لە ماڵی خۆی دانیشتووە".

"ئەوەی ئێستە هەیە كۆمەڵێك كاری بازرگانییە و لە بەرژەوەندی هەندێك كەسە، بەكارهێنانی ژنە بۆ سەرنجڕاكێشانی چاوی پیاو یان سەرنجڕاكێشانی منداڵ بۆ كۆمەڵێك بابەتی ناپێوەست بە ئەو، بۆیە جگە لە ناوەڕۆك، كاتی رێكلامیش لە هەرێمی كوردستان ناتەندروستە" ئەو مامۆستایە وای گوت.

خاوەن كۆمپانیایەكی رێكلام لەوبارەیەوە دەڵێ، كەسێك بەشداری لە بەرهەمهێنانی دوو راپۆرتی تەلەڤزیۆنی كردبێت، كۆمپانیا دادەنێت و كاری رێكلام دەكات، ئەوەیش كێشەیە و كاری ئێمەیش ناشیرین دەكات.

ئارێز قادر بۆ "وشە" گوتی، "رێكلام هەیە بەرهەم هاتووە، دوای دوو مانگ لە بڵاوكردنەوەی دەركەوتووە كەسێك رێكلام بۆ مۆبایل دەكات مۆبایلەكەی بە پێچەوانەوە گرتووە، هەروەها سكاڵا هەبووە لەسەر بردنی بیرۆكەی رێكلام لەلایەن كۆمپانیای تر، بەشی زۆری بیرۆكەكانیش لە رێكلامی تری بیانی وەرگیراون".

"ئەگەر لە یوتوب خاوەنداریەتی بۆ موزیكی رێكلام بكرێت، هیچ رێكلامێكی كوردستان خاوەن موزیكی خۆی نییە، كاتێك لەگەڵ كۆمپانیای داواكار قسە دەكەین موزیكی تایبەت بەرهەم بهێنین كە پێنج هەزار دۆلار بۆ نرخی رێكلامەكە زیاد دەكات، ڕا دەكەن و تەنیا پێشنیاری وەرگرتنی موزیك دەكەن لەگەڵ بەشداریی كچێك لە رێكلامەكە" خاوەن كۆمپانیاگە وای گوت.




وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 343 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌