لە هەولێر 17 شوێن بە شۆفڵ تێكدران

:: AM:09:58:20/09/2019 ‌
یەكێ لە شارەوانییەكانی هەولێر ئاشكرای دەكات لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی 17 شوێنی چاندن و بەرهەمهێنانی سەوزە بە شۆفڵ تێكدراوە بەهۆی سەرپێچی.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەری شارەوانی شەشی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، لە هەڵمەتێكدا بە هەماهەنگی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر و پۆلیسی شارەوانی و فەرماندەی هێزی هاوبەشی زێرەڤانی بەشی لابردنی زێدەڕۆیی 17 كێڵگەی كشتوكاڵی سەوزە پاككرانەوە و بەرهەمەكانیان لەناوبرا.

ڕوون كراوەتەوە، ئەو كێڵگانە بەدەر لە یاسا و رێنوێنییەكانی تەندروستی بە ئاوی زێراب ئاودراون و بە شێوەی زێدەڕۆیی دروستكراون بەو هۆیەوە لە هەڵمەتەكەدا و لە لایەن هۆبەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی شارەوانی شەشی هەولێر كەلوپەلەكانی وەك ماكینەی ئاو دەستی بەسەردا گیرا.

ئاشكرا كراوە، دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییانی شاری هەولێر و  لەو جۆرە هەڵمەتانە بەردەوام دەبن.

ئەو هەڵمەتە لە كاتێكە ساڵی ڕابردووش ئاشكرا كرا لە باشووری شاری هەولێر شوێنێكی كشتوكاڵی بەرهەمهێنانی سەوزە بە ئاوی زێراب سەزوە بەرهەم دەهێنێت.



وشە - رامیار جەواد