لە عاشوورای ئەمساڵ ئێران پێگەی خۆی لە ناوچە كوردستانییەكان جێگیرتر كرد

:: AM:11:38:20/09/2019 ‌
رێوڕەسمی عاشوورا یان چلەی ئیمام حوسێن، ئەمساڵ گەرمتر لە ساڵان بەڕێوە چوو، ئەمەش بیانوویەكی باش بوو تا ئێران پێگەی خۆی لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە جێگیرتر بكات و دەروازەی مونزریەی سنووری خانەقین بكاتە وێستگەی گەیشتنی بە ناوچە كوردستانییەكان، هاوكات میلیشیا شیعەكانیش زیاتر دەرفەتی داگیركارییان بۆ رەخسا و دەسەڵاتیان لە سوپای عێراق وەرگرتەوە.

شێركۆ تۆفیق كارگێڕی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، دەروازەی مونزریە  لە سنووری خانەقین، تاكە دەروازەی ستراتیجییە لەگەڵ ئێران كە بەهۆیەوە ئێران دەتوانێ زیاتر دەست لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە بەتایبەت خانەقین و دەوروبەری وەربدات.

ئەو گوتی، زانیاری وردیان هەیە كە ئێران بەهۆی كردنەوەی دەروازەی سنووری مونزریەوە لەلایەن بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی میلیشیا شیعەكان، چەك و تەقەمەنی ناردووەتە عێراق و لەرێی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیشەوە چاودێری دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دیالە و ناوچەكانی تری عێراقی كردووە.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەیشی خستە ڕوو، میلیشیاكان بە گرتنەدەستی دۆسیەی تەناهیی مەرزی مونزریە تا دەگاتە خانەقین و لەوێشەوە بۆ شارەبان و دیالە، رۆڵی دامەزراوە تەناهی و سەربازییەكانی عێراقیان لاواز كرد.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، لێكەوتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەك و لاوازیی دامەزراوە تەناهییەكانی عێراق لەلایەكی ترەوە، وای كردووە ئێران میلیشیا شیعەكانی نزیك لە خۆی كە لە عێراقدان، زیاتر بەهێز بكات.

خانەقین لە رووی ستراتیجەوە بۆ ئێران زۆر گرنگە و لەوێوە دەتوانێ خۆی بگەیەنێتە دیالە و پارێزگاكانی تری عێراق، بۆ ئەوەش میلیشیا شیعەكان هاوكاری ئێران دەكەن تا لە دیالە كە زۆرینەی عەرەبە سوننەن و ناوچە كوردستانییەكانیشی كوردی شیعە و سوننەن، دیموگرافیاكەی بگۆڕێت.

"وشە" لە بەرپرسانی كورد و میلیشیا شیعەكان خۆیانەوە زانیاری وردی هەیە كە ئەمساڵ بەرپرسە باڵاكانی نزیك لە میلیشیا شیعەكان كە لە حكوومەتی ناوخۆیی دیالە باڵادەستن، رێخۆشكەر بوون تا لە رێی زیارەتكارانی شیعەوە زیاتر رێ بۆ ئێران خۆش بكەن دەست لە كاروباری عێراق وەربدات.

هەفتەیەك پێش عاشوورا، پارێزگارانی دیالە و كرماشان لە قایمقامیەتی خانەقین كۆ بوونەوە. 
محەمەد مەلا حەسەن قایمقامی خانەقین كە كوردە تەنیا هێندەی بە"وشە" گوت، ئەوان وەك بەرپرسانی كورد بێ ئاگان لە كۆبوونەوە و دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی بەرپرسانی ئێران و دیالە، چونكە خانەقین تەنیا شوێنی بەیەكگەیشتن و دیداری بەرپرسانی هەردوولا بوو.

 شارەزایەكی سیاسی لە دیالە بڕوای خۆی پێشان دا بەرپرسەكانی میلیشیا شیعەكان كە لە حكوومەتدان، كاریگەری زۆریان هەیە لەسەر بەرپرسانی حكوومەتی ناوەند.

محەمەد خورشید وەك چاودێرێكی سیاسی نموونەی بۆ گوتەكەی هێنایەوە و باسی لەوە كرد، ماوەی دوو ساڵ زیاترە دۆخی خانەقین و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە ناسەقامگیر و ئاڵۆزە، ئەگەر سەیر بكەن دەبینن لەو ماوەیەدا بەرپرسانی باڵای عێراق سەردانی ناوچەكەیان نەكرد، بەڵام لە سەروبەندی واڵاكردنی سنوور بە رووی زیارەتكارانی شیعەی ئێراندا بە چەند رۆژێك پێش ئەو وادەیە، وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری عێراق سەردانی مەرزی مونزریە و خانەقینیان كرد.

بەپێی بەدواداچوونی توێژەرانی كۆمەڵایەتی و سەرچاوەكانی پۆلیس، هەمیشە لە دەروازەكانی ئێرانەوە بەتایبەت لە مونزریەوە، مادەی هۆشبەر رەوانەی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە دەكرێ كە گەرمیانیش پشكی ئەو مادە هۆشبەرانەی بەركەوتووە و بووەتە هۆی ئالوودەبوونی گەنجان.

عەباس مەحموود بەرپرسی لقی گەرمیانی كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسان، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە خانەقین بەهۆی نزیكی لە ئێرانەوە، ژمارەیەكی زۆر لە گەنجەكانی ئالوودەی مادە هۆشبەر بوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە دادگاكانی گەرمیانەوە لەرێی پارێزەران و ئاسایشی گەرمیانەوە بەتایبەت دەست "وشە" كەوتوون، ساڵانە نزیكەی 100 گەنج لە گەرمیان لەسەر مادە هۆشبەرەكان سزا دەدرێن و دەگیرێن.

عودەی خدران قایمقامی شارۆكەی خاڵس سەربە پارێزگای دیالە و یەكێك لە بڕواپێكراوترین كەسی میلیشیا شیعەكان، بە چەند رۆژێك پێش كردنەوەی دەروازەی مونزریەوە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە خۆی وەك شاندی حكوومەتی ناوەند بەشداری كۆبوونەوەكانی كردووە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، چ بۆ كردنەوەی سنوور و چ بە رادەستكردنی دۆسیەی تەناهیی رێی مەرزی مونزریە بۆ خانەقین و دیالە و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

ئەو روونی كردەوە، لە كۆبوونەوەكان پێداگریی لەوە كرا كە چەكدارانی حەشدی شەعبی رێی نێودەوڵەتی مەرزی مونزریە بۆ خانەقین و دیالە دەپارێزن تا دەگاتە دیالە و پارێزگاری لە زیارەتكارانی شیعەی ئێران دەكەن.

بەگوتەی سەمیر محەمەد نوور سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین، كردنەوەی دەروازەیەكی سنووری بەڕووی زیارەتكارانی شیعەی ئێران، هیچ سوودێكی ئابووری بۆ خانەقین نییە.

ئەو بەرپرسە كوردە دەڵێ "داهاتی مەرزی مونزریە هیچی بۆ خانەقین خەرج ناكرێت، لە كاتێكدا خانەقین هەمیشە بەدەست نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێ و رێگەوبانەكانی زۆر خراپن.

هاوكات عەدنان محەمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی شارەبان، باسی لەوە كرد، لەپاش كردنەوەی سنوور بەڕووی زیارەتكارانی شیعەی ئێران، رێی نێودەوڵەتی دیالە- خانەقین بۆ ئێران نائارام بووە.

"وشە" ئەوەیشی بۆ ئاشكرابوو كە سەرۆكی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە كە خۆی یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی میلیشیا شیعەكان، لەم رۆژانەدا سەردانی ئێرانی كردووە و پێش رۆیشتنی بە لافیتەیەكی گەورە نووسیویەتی، "سەردانی كۆماری ئیسلامی دەكەین، چونكە ئەو وڵاتە هەمیشە بووەتە هۆی پاراستنی عێراق".

وشە/بەدواداچوونی سەبری هۆرێنی 



لە دیالە هەموو شتێك بە خواستی ئێران بەڕێوە دەچێت و خانەقین نیگەرانە.




وشە - وشه‌