دیاردەی چەك هەڵگرتن هاووڵاتییانی گەرمیانی بێزار كردووە

:: PM:01:37:20/09/2019 ‌
دیاردەی چەكداری و بوونی ژمارەیەكی زۆری چەكداری بەرپرسان لە سنووری گەرمیان بۆتە مایەی ترس و نیگەرانی هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئەیلوول، ئەبوبەكر محەمەد یەكێكە لە چەك فرۆشەكانی بازاڕی چەك لە شارۆكەی كەلار بۆ "وشە" گوتی، جیاواز لە شار و شارۆكەكانی تری كوردستان چەند كەسێك مۆڵەتی فرۆشتنی چەكیان هەیە.

گوتی، نەبوونی مۆڵەتی كاری چەكداری وای كردوە فرۆشیار وقاچاخچی چەك لەناوچەكە زۆر بێت.

چالاك نەجم وەك سەرپەرشتیاری رێكخراوەكانی گەرمیان بۆ "وشە" گوتی، دیاردەی چەكداری وزۆری ژمارەی چەكداری بەرپرسان هاووڵاتییانی ناوچەكەی تۆقاندوە.

ئاشكرای كرد، ئەگەر سەرنج بدەین زۆر جار گرفتی دروستكردنی باڵەخانەی سەربازی لە نێوان بەپرسانی حكومی و بەرپرسانی سەربازیەوە سەرهەڵدەدات لەكاتێكدا ناوچەكانی تەماسی پێشمەرگە لەگەڵ داعش لەدەرەوەی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و لە دەرەوەی كەلارەوەیە.

عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی راگەیاند، دیاردەی چەكداری بەبەراوارد بەساڵانی رابردوو رووی لەكەمی كردوە، چونكە ساڵی پار نزیكەی 29 كەس گیراوە ژمارەكە ئەمساڵ كەمی كردووە. 

گوتی، بابەتی پێدانی مۆڵەتی چەك و هەڵگرتنی چەك بەناوی پاسەوانی بەرپرسان ئەوە لەرێگەی پۆلیسەوە مۆڵەت نادرێ بەڵكو لە رێگەی ئیدارەی گەرمیانەوە دەدرێ.
 
"وشە" لە بەشی فریاكەوتنی خێرای نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژارەوە ئامارێكی دەستكەوتووە كە ساڵانە تەنیا لەشارۆكەی كەلار زیاتر لە 10 كەس بەهۆی دەستكاری كردنی چەكەوە یاخود بەهۆی دەرچوونی فیشەك یان شەڕی تاكەكانی كۆمەڵ لە سنووری گەرمیان دەبنە قوربانی.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - رامیار جەواد