كۆمەڵ داوای بێسەروشوێنكراوەكانی لە یەكێتی دەكاتەوە

:: AM:09:17:21/09/2019 ‌

كۆمەڵی ئیسلامی پرسی بێسەروشوێنكراوەكانی لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەورووژێنێت، ئەوەیش دوای ئەوەی یەكێتی لە پەرلەمان پشتی تێكرد و ئامادە نەبوو پشتگیری چەند پڕۆژەیەكی ئەو فراكسیۆنە بكات.

هاوكاتی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو، چەندان كۆبوونەوە لە نێوان كۆمەڵی ئیسلامی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كران، تا ئەو ئاستەی لێدوان لەبارەی ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان هەردوو حزب دەدرا، بەڵام یەكێتی ڕێككەوتنی ڕەت كردەوە و لە پەرلەمانی كوردستانیش هەردوو فراكسیۆن ئامادە نەبوون پشتگیری لە پڕۆژەكانی یەكتر بكەن.

ئێستە هاوشێوەی هەر حزبێكی تر پێوەندییەكانی نێوان یەكێتی و كۆمەڵ ئاساییە، جیا لەو سەردەمەی لە ڕێككەوتن نزیك بووبوونەوە و چەند جارێك عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی یەكتریان بینی، پێوەندییەكە ساردبوونەوەی پێوە دیارە.

لە بەرانبەر پشتگیری نەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لە چەند پڕۆژەیەكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمان، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بابەتێكی تری دژی یەكێتی ورووژاند و داوای بێسەروشوێنكراوەكانی كۆمەڵ لە یەكێتی دەكەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو كۆمەڵ یاداشتێكی ئاراستەی پەرلەمان كردووە و داوای بێسەروشوێنەكانی دەكاتەوە، لەو ناوانەیشی كە لە یاداشتەكە نووسیویەتی، زۆربەیان لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتی لە ساڵانی پێشتر بێسەروشوێن كراون.
ژمارەی ڕفێنراوەكان حەوت كەسن، هەریەكێكیان لە شارەكانی (سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و مووسڵ) چەند ساڵێك لەمەوبەر ڕفێنراون و تا ئێستەش چارنووسیان نادیارە .

ئەنوەر سەنگاوی كارگێڕی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بانگەوازی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی گوت، كاركردن لەسەر ئەو دۆسیەیە بەردەوامە، بێسەروشوێنكراوەكان شەش كەسن و تا ئێستە هیچ سۆراغێكیان نییە.

ڕوونی كردەوە، لایەنی پێوەندیدار /حزب/ ئاگادار كراوەتەوە كە پێویستە چارەنووسیان یەكلا بكرێتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەكیان پێ نەداون، بەڵام لە هەموو كۆبوونەوە سیاسییەكانیش باسیان كردووە لەگەڵ ئەو حزبەی ئەندامانی كۆمەڵی بێسەرشوێن كردووە.

"وشە" زانیویەتی چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، كۆمەڵ لەڕێی چەند لینێكی یەكێتی لەو پرسە ئاگادار كردووەتەوە و ناوی ئەو كەسانەیشی بۆ ناردوون كە لەلایەن دەزگە تەناهییەكانی ئەوانەوە گیراون، بەڵام هیچ وەڵامێك نەدراونەتەوە.

لای خۆیەوە ڕووپاك ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی گوت، بەدواداچوون لەسەر ئەو كەیسە بەردەوامە و پەرلەمان و دەزگەی پێوەندیدار ئاگادار كراونەتەوە كە بەدواداچوونی ڕژد لەسەر ئەو پرسە بكەن.

ئاماژەی بەوە كرد، بەرپرسانی هەرێم ڕەتی دەكەنەوە لە هەرێمی كوردستان هیچ كەس بەهۆكاری سیاسیی لە گرتووخانەدا بێت، وەك ڕەتیشی دەكەنەوە كە گرتووخانەی نهێنی و حزبی بوونی هەبێت، بۆیە پێویستە چارەنووسی ئەو بێسەروشوێنكراوانە ئاشكرا بكەن .

"وشە" چەند جارێك پێوەندی بە بەرپرسانی تەناهیی سلێمانییەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە هیچ زانیارییەك بدركێنن.
هاوڕێ‌ مەلا ستار پەرلەمانتاری یەكێتییە لە پەرلەمانی كوردستان و پێی وایە پرسێكی تایبەتە بە كۆمەڵی ئیسلامی و ئاساییە بەدواداچوونی بۆ بكەن. ئەو بۆ "وشە" گوتی، هیچ زانیاریم لەسەر ئەو پرسە نییە، بەڵام كۆمەڵ دەتوانێ‌ بەدواداچوونی بۆ بكات.

دووپاتی كردەوە كە هاوشێوەی مامەڵەی هەر فراكسیۆنێك لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیش بە ئاسایی مامەڵە دەكەن.

چەند هەفتەیەك لەمەوبەر كۆمەڵ لەڕێی چەند لینێكی یەكێتی لەو پرسە ئاگادار كردووەتەوە



وشە - سه‌رخێڵ هاشم