سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپات لەسەر كولتووری پێكەوەژیان دەكاتەوە

:: AM:09:27:21/09/2019 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك ئاراستەی یەكێتی زانایانی كوردستان دەكات بەبۆنەی 49 ساڵەی دامەزراندنیان و دووپات لە پێكەوەژیان دەكاتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی هاتووە، بە بۆنەی 49 ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستانەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایان و زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستان دەكەین.

لە پەیامەكە ئاشكرا كراوە، زانایانی ئاینی ڕۆڵی كاریگەریان هەیە لە پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و كولتووری لێبوردەیی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ڕێگریكردن لە گەشەكردنی بیری توندڕەوی لە كوردستان. بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵ و ئەركی پڕ بەهایان دەڕوانین.

لە كۆتایی پەیامەكەی باس لەوەش كراوە، هەر بەم بۆنەیەوە دووپات لەسەر كولتووری ڕەسەنی مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازی و یەكتر قبووڵكردن لە كوردستان بە سەرجەم پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانیەوە دەكەینەوە، بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزەش سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی بەردەوام لە كاری دڵسۆزانەی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستان دەكات بۆ نیشتمان و گەلەكەمان.



وشە - رامیار جەواد